بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: مووچەی فەرمانبەرانی رۆژئاوای کوردستان زیاد دەکرێت
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیێنێت بە ئامانجی باشترکردنی دۆخی دارایی فەرمانبەران، مووچەکانیان بەرێژەی 15-35% زیادکراوە.
لوقمان ئەحمێ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە ئامانجی باشکردنی دۆخی دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی ئاسایش لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بڕیاری زیادکردنی مووچەکانیان درا. بڕیارەکەش ئەمڕۆ چوارشەممە 27-11-2019 لەلایەن ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەرچووە و لە کۆتایی ئەم مانگەوە مووچە زیادکراوەکان وەردەگرن".
لوقمان ئەحمێ ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوانەی مووچەیان لە 80 هەزار لیرەی سووری کەمترە رێژەی 35% دەچێتە سەر مووچەکانیان و ئەوانەشی مووچەیان لە 81 هەزار تاوەکو 100 هەزار لیرەیە رێژەی 25% دەچێتە سەر مووچەکانیان و ئەوانەشی مووچەکانیان لە 101 هەزار لیرە بەسەرەوەیە رێژەی 15% بۆ مووچەکانیان زیاد دەبێت".
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە 27-11-2019 بەژمارە 8 دەرچووە، مۆر و واژۆی هەریەک لە بێریڤان خالید و عەبد ئەلمهباش، هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەسەرەوەیە.
بەگشتی 80 هەزار لیرەی سووری دەکاتە نزیکەی 185 هەزار دیناری عێراقی و 101 هەزار لیرەی سووریش دەکاتە نزیکەی 234 هەزار دیناری عێراقی.