دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک دواخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی فیدڕاڵیی عێراق سکاڵای دوو بەربژێری عەرەب و تورکمانی کەرکووکی لە دژی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک بۆ مانگی داهاتوو دواخست. دادگەکە بڕیاریداوە بەرپرسانی کۆمیسیۆن بۆ دانیشتنی داهاتوو ئامادەی دانیشتنەکە ببن بەو پێیەی ئەو دوو بەربژێرە لە سکاڵاکەیاندا داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخرێت.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، 2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کۆبووەوە کە لە دژی تۆماری دەنگدەران و لەسەر سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرابوون. دوای گوێگرتن لە لایەنەکانی سکاڵانامەکە، دادگەکە بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 4-12-2023 دوابخات.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، دادگەکە بڕیاریدا بۆ تاوتوێکردنی زیاتری بابەتەکە و پێش بڕیاردان بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش ئامادەی کۆبوونەوەی داهاتوو ببن بەمەبەستی روونکردنەوە لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
 
دوو سکاڵاکە، یەکێکیان لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوا دەکات دادگەکە کۆمیسیۆن پابەندبکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەبێت. سکاڵای دووەم لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکراوە و هەمان داواکاری هەیە.
  
رۆژی چوارشەممە 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو. 
 
مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە چوار بڕگە پێکدێت، بەپێی مادەکە، مادەی 35ـی یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکانی ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵدەوەشێندرێنەوە، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و نوێنەرانی پێکهاتەکان وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکەن لەسەر بنچینەی:
 
- هاووڵاتیانی تۆمارکراو لە سەرژمێری ساڵی 1957، جگە لە هاووڵاتیانی ناحیەی زاب و سەرگەڕان، کە لەنێو تۆمارەکە دەبن.
 
- ئاوارەکان ئەوانەی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە.
 
- هاووڵاتیانی دانیشتووی کەرکووک کە بەپێی کۆبۆنی خۆراک دەسەلمێندرێت لەپێش ساڵی 2003ـەوە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون.