پارتی لە کەرکووک بەربژێرانی دەناسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک سازبکات، سەرۆکی لیستی پارتی لەو پارێزگایە دەڵێت: "ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن."
شەوی دووشەممە، 27-11-2023، حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، لە هۆڵی (لایڤ ستی 2) لە شاری کەرکووک کەرنەڤاڵێک بۆ ناساندنی 30 بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، لەو رێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی ئامادە دەبن و جەماوەری پارتی و بەربژێرەکانمان بەیەکتر ئاشناتر دەکەین."
حەسەن مەجید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە چاوەڕوانیی زۆریان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتایبەت لە کەرکووک هەیە.
رۆژی 05-11-2023، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، بارەگەکانی وەرگرتەوە. بارەگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانیشی پێشکێشی زانکۆی کەرکووک کرد.
رۆژی یەکشەممە 26-11-2023 لە دوای شەش ساڵ لە هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە.
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.