بەریتانیا بە "تووندترین" شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر "بە تووندی" ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن کە شەوی رابردوو کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
کۆنسووڵخانەکە لە ئێکس راگەیێندراوێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "هێرشکردنەسەر هەر ژێرخانێکی بنەڕەتی هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و سەلامەتی گەلەکەی دەکات".
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا هەڵوێستی وڵاتەکەیشی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان وەستاوە و پشتگیری هەوڵەکانی پاراستنی دامەزراوە بنچینەییەکان دەکات".
شەوی چوارشەممە هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەک کەوتەوە. بەڵام بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی و شایەتحاڵانی نێو کێڵگەکە کە بۆ رووداو قسەیان کرد، زیانی گیانی نەبووە.
کێڵگەکە سەرچاوەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراقە.
هێرشەکە بووەهۆی کوژانەوەی کارەبای بەشێکی زۆری شارەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.