لیژنەیەکی عێراق سزادانی چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە تاوتوێ کرد

27-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەیەکی حکومەتی عێراق تاوتوێی چۆنێتی مامەڵەکردن دەکات لەگەڵ بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کە تێیدا چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی عێراقی خستە لیستی سزادراوەکانییەوە.
 
چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، لیژنەی باڵای نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بووە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2025 لەبارەی ئەوەى چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی عێراقی خستە لیستی سزادراوەکانى.
 
بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمپانیای موهەندیس، کۆمپانیای بەلەدنا و عەلی موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق و عەلی محەممەد غوڵام، سەرمایەدار و چەند کەسێکی دیکەی گرتەوە، بە پاساوی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا و هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لیژنەکەی حکومەتی عێراق تاوتوێی ئەو رێکارانەی کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى ئەو دۆسێیە گرتوویانەتەبەر، لەگەڵ شێوازە پێشنیازکراوەکان لە نێوخۆ و دەرەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تاوتوێی بژارە یاساییەکان کراوە لەبارەی ئەو سزایانە و بڕیاردراوە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی لیژنەی باڵای نیشتمانی، میوانداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ زانینی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکە.
 
فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگیی پارێزگاریکردن لە بەهێزیی پەیوەندیی دارایی نێودەوڵەتیی عێراق کردەوە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەرنامەی چاکسازیی ئابووری.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە