چەند جۆرێک دەرمانی پێویست لە پارێزگای سنە دەستناکەون

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێ، بەشێک لە کێشەی کەمیی دەرمانیان بە بەکارهێنانی دەرمانی نێوخۆیی چارەسەرکردووە، بەڵام چەند جۆرێک دەرمانی تایبەت و پێویست لەو پارێزگایە دەستناکەون.
 
ئەمیر مورسا، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە بۆ کاروباری خۆراک و دەرمان رایگەیاند، توانیویانە دەرمانی نێوخۆیی لەبری دەرمانی بیانی بۆ ئەو نەخۆشانە دابین بکەن کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن. 
 
جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێ، دوو مانگە کێشەی کەمیی دەرمانەکانی وەک ئەنسلۆلینی لێڤێمێر، میزۆپرۆستۆل و تەنتور ئیپیۆم لە ئێران هەیە، بەڵام بەو رێکارانەی لە پارێزگای سنە گیراونەتەبەر، لەو پارێزگایەدا درەنگتر لە شوێنەکانی دیکە کێشەی کەمیی ئەو دەرمانانە سەریهەڵداوە.
 
ئەنسلۆلینی لێڤێمێر جۆرێکی تایبەتی ئەنسلۆینە کە کاریگەری درێژخایەنتری لەسەر نەخۆش و دابەزاندنی شەکرە هەیە و ئەو کەسانە بەکاری دەهێنن کە شەکری نێو خوێنیان بەرزە. میزۆپرۆستۆل جۆرە حەبێکە کە بۆ زیاتربوونی جووڵەی خوێن و پێشگرتن لە تووشبوونی نەخۆشەکان بە برینی گەدە بەکار دەهێندرێت. تەنتور ئیپیۆمیش دەدرێتە ئەو ئالوودەبووانەی مادەی هۆشبەر کە خەریکە وازدەهێنن.
 
ئەمیر مورسا دەڵێ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئێرانیان لە مەترسییەکانی دەستنەکەوتنی ئەو دەرمانانە ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداری پێویستیان پێداوە.
 
محەممەد جەمالیان، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران، رۆژی 26-12-2025 رایگەیاند، دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی درێژخایەن و تووشبووانی شێرپەنجە کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، زۆر بە زەحمەت دەستدەکەون.
 
هەروەها عەلیڕەزا چیزەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لە پارێزگای تاران رایگەیاند، دەرمان و شیری وشکی کۆگەکراوی ئەو وڵاتە لە کەمتر لە دوو مانگی دیکە تەواو دەبێ و ئەگەری ئەوە هەیە، ژمارەی ئەو دەرمانانەی دەستنەکەون بگاتە نزیکەی 800 جۆر.
 
بەرهەمهێنەرانی دەرمان لە ئێران دەڵێن، حکومەت دابینکردنی دۆلار بە نرخی حکومی بۆ هاوردەکردنی دەرمانی کەمکردووەتەوە و ئەوە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی دەرمانە لەو وڵاتە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، پارەی پێویست دابینکراوە و هەندێکجار کێشەی گواستنەوەی پارەیان هەیە بەهۆی گەمارۆکان و ناتوانن پارەی پێویست بگوازنەوە بۆ کۆمپانییەکان.