خانەنشینێک لە سنە بە گریانەوە: ناتوانم کرێی خانوو بدەم، مووچەکەم تەنیا بەشی نان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێکی زۆری خەڵک توانای کڕینی گۆشتیان نەماوە و نان بووەتە تاکە خۆراکی سەرەکییان. لە شاری سنە هاونیشتمانییەک بە گریانەوە دەڵێت: "دەوڵەت وەڵاممان ناداتەوە، با لانیکەم خەڵک بزانن چیمان بەسەرهاتووە."
لە بازاڕی سنە، هاواری گرانی و لەدەستچوونی توانای کڕین بەرزبووەتەوە. عەلی ئەحمەدنەژاد، کە 30 ساڵ فەرمانبەر بووە و ئێستا خانەنشینە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی دۆخی خۆی و خەڵک دەکات. ئەو دەڵێت نازانن مووچەی مانگانەیان بدەنە کرێی خانوو یان نانی رۆژانە.
عەلی ئەحمەدنەژاد بە رووداوی گوت: "مووچەی کوڕەکەم 13 ملیۆن تمەنە، بەڵام ئەمە بەشی هیچ ناکات."
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، هێڵی هەژاری لەو وڵاتە نزیکبووەتەوە لە 40 ملیۆن تمەن. ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر فەرمانبەرێک سێ ئەوەندەی مووچەی ئێستای وەرنەگرێت، هێشتا لەژێر هێڵی هەژاریدا ئەژمار دەکرێت.
محەممەد زەندی و فەرهاد نیکنام، دوو هاونیشتمانیی دیکەی سنەن و پشتڕاستی دەکەنەوە "هەژار، هەژارتر بووە و بەشێک لە چینی مامناوەندیش بوونەتە هەژار."
جگە لە گرانیی گۆشت و کاڵاکانی دیکە، ئێستا گلەیی لە نانیش پەیدا بووە. هەرچەندە نان تەنیا خۆراکە تاڕادەیەک نرخەکەی جێگیرە، بەڵام هاونیشتمانییان دەڵێن فێڵ لە کێش و کوالێتییەکەی دەکرێت.
فەرهاد لوتفی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "قەبارەی نان زۆر بچووک کراوەتەوە و کوالێتیشی باش نییە."
ئامارە فەرمییەکان و قسەی خەڵکیش ئەوە دەردەخەن ساڵ لە دوای ساڵ بازنەی هەژاری فراوانتر دەبێت و دەنگی ئەو چینە هەژارەش کەمتر دەبیسترێت.