رووداو لە حمس؛ چیرۆکی تەقینەوەی نێو مزگەوتەکە لە زاری گوتارخوێن و بریندارانەوە
رووداو - حمس
لە کاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتێکی شاری حمس، کەسێکی نەناسراو خۆی کردە نێو نوێژخوێنان و چەند تەقینەوەیەک روویاندا. بەهۆیەوە 8 کەس کوژران و 22ی دیکەش بریندار بوون.
تەقینەوەکە لەنێو مزگەوتی "ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب" لە شاری حمس روویدا. لە کاتی نوێژی هەینیی رۆژی 26ی ئەم مانگەدا و لەکاتێکدا نزیکەی 150 کەس بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئامادە بوون، لە کاژێر 12:30 تەقینەوەکان روویاندا.
موهیەدین سەلوم، گوتارخوێنی مزگەوتەکە دەڵێت: "ئەمە مزگەوتی عەلەوییەکانە، بەڵام هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە، سوننە مەزهەبەکانیش لای ئێمە نوێژ دەکەن و منیش لە مزگەوتی ئەوان نوێژم کردووە."
گوتارخوێنەکە باسی ساتەوەختی تەقینەوەکە دەکات و دەڵێت: "دەنگی تەقینەوەکە بەهێز بوو، سەرەتا سەرسام بووین تاوەکو تێگەیشتم تەقینەوە روویداوە و خەڵک رایانکرد."
موهیەدین سەلوم ئاماژە بە پێکەوەژیانی ئایینزاکان لە شارەکە دەکات: "ئەوان لە نوێژدا دەستیان دەخەنە سەر یەکدی، بەڵام ئێمە دەستمان شۆڕ دەکەینەوە، تەنیا ئەمە جیاوازیمانە و بابەتێکی نوێ نییە. لە 2009ـەوە من گوتارخوێنی ئەم مزگەوتەم و من و شێخە هاوڕێکانم لەگەڵ یەکدیدا تەباین."
لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کاتیی سووریا لە رووداوەکە بەردەوامە و وەزارەتی تەندروستی پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا 8 کەس کوژراون و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەحمەد ئیبراهیم، یەکێکە لە بریندارەکان و تازە لە نەشتەرگەری دەرچووە. ئەو هەموو رۆژێکی هەینی دەچێتە مزگەوتی گەڕەکەکەی خۆیان لە وادی زەهەب، بەڵام بۆ ئەو، ئەم هەینییە وەک هیچ رۆژێکی دیکە نەبوو.
ئەحمەد ئیبراهیم دەڵێت: "بەرکەوتەیەک بەر سەرم کەوت و پارچەیەکی تێدایە. کاتێک تەقینەوەکە روویدا خۆم لادا و سەرم داخست، بەڵام بەرکەوتەکە بەر سەرم کەوت؛ لە دەرگاکەوە چوومە دەرەوە و بینیم خەڵک رادەکەن."
لە گۆڕستانی شارەکە فرمێسکی کەسوکاری قوربانییان تێکەڵ بە باران بووە؛ دایک و هاوژینی قوربانییە گەنجەکان بە خەمەوە ماڵئاوایی دەکەن.