دوو پڕۆفیسۆر توێژینەوە لەسەر سەگی پشدەر دەكەن
دوو پرۆفیسۆر لە زانكۆی سلێمانی و سەڵاحەددین، لە چوارچێوەی تێزی دكتۆرای قوتابییەكدا، لە رێگەی DNA و دەستنیشانكردنی تایبەتمەندییەكانی، هەوڵی ناساندنی سەگی پشدەر لە لیستی سەگە نایابەكانی جیهاندا دەدەن.
ناوچەی پشدەر لە باشووری كوردستان زێدی رەسەنی ئەو سەگەیە و هەر بە ناوی ناوچەكەش ناوی رۆیشتووە. ئەم سەگە پێشتر تەنیا بۆ پاسەوانی بەكارهاتووە، بەڵام ئێستا جگە لە پاسەوانی، بۆ جوانی و مەبەستی بازرگانیش بەخێودەكرێت، نرخی جۆرە دەگمەنەكانی گەیشتووەتە سەرووی 25 هەزار دۆلار.
پرۆفیسۆر دكتۆر بەهجەت تەیفور، مامۆستای كۆلێژی پزیشكی ڤێتەرنەری لە زانكۆی سلێمانی كە سەرپەرشتیاری لایەنی مۆرفۆلۆژی تێزی دكتۆراكەیە، دەڵێت :"هیچ گومانمان نییە لەوەی سەگی پشدەر سەگێكی رەسەنی كوردییە، مێژووی پەیدابوونی بۆ زیاتر لە 3 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، تەنانەت وێنەكەی لەسەر هەڵكەندراوێكی سەردەمی ئاشوورییەكان هەیە".
بەهۆی نایابی سەگەكە، هەر یەك لە توركیا و ئێران دەیانەوێت رەچەڵەكی ئەم سەگە بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن، توركیا سەگێكی هاوشێوەی ئەم سەگەی هەیە ناویان ناوە كانگال، هەروەها ئێرانیش هەیەتی و بە هاوشار ناوی رۆشتووە.
دكتۆر بەهجەت دەڵێت: "بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان پێش هاتنی توركەكان بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ ئەم سەگە لەكوردستان هەبووە، بۆیە پێدەچێت رەچەڵەكی سەگی كانگال هەر سەگی پشدەر بێت، ئامانجی ئێمەش لەم توێژینەوەیە ئەوەیە رەسەنێتی ئەم سەگە بەشێوەیەكی زانستی لەڕێی DNA و جیاوازی شێوەی دەرەوەی لە لیستی سەگە نایابەكانی جیهان بەكوردی بناسێنین و لەو مەترسییە بیپارێزین كە بە توركی یان بە ئێرانی تۆمار بكرێ".
گوتیشی: "توێژینەوەكەی ئێمە یەكەمین توێژینەوەی زانستییە لەسەر ئەم سەگە، جگە لە سەلماندنی رەسەنێتی ، ئامانجمانە دەرگایەك بۆ ناساندنی ئەم سەگە بەڕووی جیهاندا بكەینەوە".
نایابیی جۆری سەگی پشدەر سەرنجی بیانییەكانیشی راكێشاوە، هەر بۆیە لەدوای ساڵی 2003 هەندێ لە ئەفسەرانی سوپای ئەمەریكی و ئوسترالی چەند دانەیەك لە سەگی پشدەریان لەگەڵ خۆیان بردووە.
سەگی پشدەر حەزی لە ناوچەی سارد و فێنكە، بۆیە لە ناوچە گەرمەكان لە هاویندا گرفتی بەخێوكردنی هەیە، ئەم سەگە رەنگی زۆرە، لەوانەش زەرد، قاوەیی، بۆر، سپی، رەش و شینی كاڵ، رەنگی تێكەڵاویشی هەیە.
د.بەهجەت تەیفور دەڵێت :"زۆربەی سەگەكان رەنگیان زەردی كاڵە، واپێدەچێت رەنگی بنچینەی ئەم سەگە زیاتر زەرد بووبێ".
هەرچەندە دوو پرۆفیسۆرەكە نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی توێژینەوەكەیان، بەڵام د.بەهجەت دەڵێت "قەبارەی سەگی پشدەر لە كانگال و هاوشاری گەورەترە، هەروەها بەرزترە و كەللەی سەریشی لە هی ئەوان جیاوازە".
د.یوسف بەرزنجی كە خاوەنی 33 توێژینەوەیە لەسەر ئاژەڵ و پەلەوەر، یەكێكی دیكەیە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە و دەڵێت: "لەڕێگەی DNAیەوە كار لەسەر 20 بۆهێڵی سەگی پشدەر دەكەین، تا جۆرە نایابەكانی دیاری بكەین، لەڕێگەی شێوەی سەگەكان و هێڵەكانی پەنجەمۆریشیان هەوڵ دەدەین بۆهێڵە تایبەتەكانی ئەم سەگە دەستنیشان بكەین تا لەو رێگەیەوە بەراوردی بكەین بە سەگی كانگال و هاوشاری ئێرانی و بیسەلمێنین كە سەگی پشدەر سەگێكی رەسەنی كوردییە".
ئەم دوو پرۆفیسۆرە بۆ ئەوەی ئەنجامێكی دروستیان دەستكەوێت، توێژینەوەیان لەسەر زیاتر لە 100 سەگی پشدەر كردووە. د.یوسف دەڵێت: "ئەو 100 سەگەی وەرمانگرتوون تەمەنیان لە یەك تاوەكو 11 ساڵ دەبێ، بەپێی تەمەنەكان دابەشی سەر گروپی بچووك و گەنج و پیرمان كردوون، بۆ دیاریكردنی بۆهێڵەكانیش نموونەكان بۆ تاقیگەیەكی پێشكەوتووی كۆریای باشوور دەنێرین".
د. یوسف بەرزنجی گوتی ئەگەر ئەنجامێكی دڵخۆشكەریان دەستكەوت، ئەنجامەكە بۆ جین بانكی نێودەوڵەتی دەنێرن تاوەكو لەوێ بەراود بكرێت بە تەواوی سەگەكانی جیهان "ئەگەر دەركەوت جۆرێكی تایبەتە، ئەوە بەناوی پشدەر یان كوردستان تۆمار دەكرێ".
ئامانجێكی دیكەی ئەم پرۆفیسۆرانە ئەوەیە زێدی رەسەنی ئەم سەگە بەشێوەیەكی زانستی لە كوردستانیش دیاری بكەن، باشترین جۆرەكانیش لە چ ناوچەیەك هەیە دیاری بكەن.
د.یوسف دەڵێت: "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان بۆمان دەركەوتووە باشترین كێش و گەورەترین قەبارە بە پلەی یەك لە ناوچەی قەڵادزێیە، بە پلەی دوو لە دوكان و سیتەكە، رەنگی بنچینەی ئەم سەگەش لەوانەیە زەرد بووبێ، بەڵام تا ئێستا نازانین زێدی رەسەنی سەگەكە چ ناوچەیەكی كوردستانە".
فەقێ محەممەد، ئاژەڵدارێكی ناوچەی بنگردی دەڤەری مەرگەیە و 12 سەگی پشدەری جۆری نایابی هەیە. فەقێ محەممەد دەڵێت :"سەگەكانم هەموویان لە جۆری نایابن، كڕین و فرۆشتنیان پێ ناكەم، بەشێكیان بۆ جوانی و بەشێكیشیان بۆ پاسەوانی ئاژەڵەكانم بەكاردێنم، پێشتر شەڕەسەگمان پێدەكردن بەڵام سێ ساڵە وازمان لەم یارییە هێناوە".
بە گوتەی فەقێ محەممەد، خەڵكانێك بژێویان لەسەر ئەو سەگانەیە، بە تایبەتی دوای پەیدابوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە لەوێ ڤیدیۆی سەگەكانیان بڵاودەكەنەوە و بەو جۆرە موشتەری بۆ خۆیان رادەكێشن.
فەقێ محەممەد دەڵێت: " توتكە سەگی یەك مانگی بە 1000 – 4000 دۆلار دەفرۆشن، سەگە دەگمەن و رەسەنەكانیش بەتایبەت ئەوانەی لە شەڕدا سەردەكەون، نرخیان تا 25 هەزار دۆلار چووە".
سەگی پشدەر ساڵانە دووجار زاوزێ دەكات، ماوەی سكپڕییەكەی نزیكەی 65 رۆژە، ئەگەر خواردنی باشی بدرێتێ، بە جارێك 18 بەچكەی دەبێ.
سەگە نەخۆشەكان دەكوژرێن
وەزارەتی كشتوكاڵ خاوەنی هیچ داتایەك نییە لەسەر ژمارەی سەگەكانی كوردستان بە گشتی و سەگی پشدەر بەتایبەتی، چونكە تا ئێستا هیچ سەرژمێرییەك بۆ سەگ لە هەرێمی كوردستان نەكراوە.
دكتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، دەڵێت "لە كوردستان وەك پێویست گرنگی بەسەگ نەدراوە، بۆیەش هیچ سەرژمێرییەكی بۆ نەكراوە، تەنانەت بەهۆی قەیرانی دارایی ماوەی چەند ساڵێك وەك پێویست ڤاكیسنی كۆتانی سەگیشمان نییە، بۆیە زۆرجار كە تووشی نەخۆشی دەبن لێژنەكان پاڵپشت بە یاسایەك بڕیار لەسەر كوشتنیان دەدەن، بەڵام ئێمە ئەمە بەكارێكی باش نازانین".
هەردوو توێژەرەكە بۆیان دەركەوتووە سەگی پشدەر هاوشێوەی هەندێ ئاژەڵی دیكەی كوردی روو لە لەناوچوونە و لە هەرێمی كوردستان بەتێكڕا نزیكەی 2 تاوەكو 3 هەزار سەگی نایاب ماون، بەشێك لەم سەگانەش لەلایەن هەندێ كەسەوە بازرگانییان پێوەدەكرێ و هەناردە دەكرێنە دەرەوەی كوردستان.
تایبەتمەندییەكانی سەگی پشدەر:
- سینگی پانە و 22 سانتیمەتر دەبێ.
- بەرزییەكەی 75 – 88 سانتیمەتر دەبێ.
- كێشی لە نێوان 75 – 100 كیلۆگرامە
- مل ئەستوورە
- پەلەكانی پێنج پەنجەیان هەیە