سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان: ستیکەر بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دانانی ستیکەر و بارکۆد بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان لە چەند رۆژی داهاتوو جێبەبەجێ دەکرێت و دەشڵێت "بەهۆی ئەوەی ژیانی گوند وەکو رابردوو نەماوە، بەرهەمی شیر و گۆشتی ئاژەڵ پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕناکاتەوە".
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای سەردانی شاندێکمان بۆ بەغدا لەبارەی نەهێشتنی ئاستەنگی دروستکردن بۆ ناردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانمان بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، پرسی دانانی ستیکەر و بارکۆدمان بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکانمان خستەڕوو تاوەکو لە بەرهەمی هاوردەکراو جیابکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بابەتی ستیکەر و بارکۆت لەسەر بەرهەمەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە".
لە هەرێمی كوردستان 73 پرۆژەی گەورە و بچووك و مامناوەندی مۆڵەتدراوی بەخێوكردنی مانگای شیردەر هەن، 36 پرۆژە لە هەولێر، 17 پرۆژە لە سلێمانی، 15 پرۆژە لە دهۆك، چوار پرۆژە لە هەڵەبجە و پرۆژەیەک لە گەرمیان كە هەشت هەزار و 719 مانگای شیردەریان هەن. ساڵانەش نزیکەی 495 هەزار تۆن شیر لە هەرێمی كوردستان بەكاردەبرێت.
فیراس سدیق، گوتیشی "لە بەرهەمهێنانی مریشک قۆناخی باشمان بڕیوە، گەیشتووینەتە قۆناخی خۆبژێوی. لە بەرهەمهێنانی هێلکەش لە خۆبژێوی نزیکبووینەتەوە. هەرچەندە بۆ گۆشتی مریشکی بەستوو مۆڵەتمان نەداوە، بەڵام دێت و لە بازاڕەکاندا هەیە. هەروەها بەرهەمی شیر و گۆشتی ئاژەڵ کەمە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژیان لە گوندەکاندا وەکو جاران نییە، ئەوە وایکردووە بەرهەمی شیر و گۆشتی ئاژەڵ پێداویستیی ناوخۆ پڕنەکاتەوە".
بەهۆی بوونی خواست لەسەر بەرهەمەكەی، بەخێوكردنی گامێش لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە، بەراورد بە پێنج ساڵی رابردووش ژمارەی گامێش بە رێژەی 23% زیادبووە، جگە لە هەولێر لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت بۆ شیرەكەی گرنگی بە بەخێوكردنی گامێش دەدرێت.
لەوبارەیەوە، فیراس سدیق باسی لەوە کرد "ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەران خواستی دامەزراندنی پرۆژەی بەخێوكردنی مانگا و مەڕ و بزنی شیردەریان هەیە، بەڵام لەوە دەترسن بەرهەمەکەیان بۆ ساخنەکرێتەوە".
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 12 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن لە هەرێمی كوردستان هەن، (8 پرۆژە هەولێر، دوو پرۆژە دهۆک، یەک پرۆژە لە سلێمانی و پرۆژەیەکیش لە گەرمیان)، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە ملیارێك و 349 ملیۆن و 900 هەزار هێلكە، بەو مەرجەی بە وزەی تەواو كاربكەن. هەرێمی كوردستانیش رۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن و 530 هەزار هێلكەی خواردن هەیە.