ژمارەیەک لە دارەکانی گردی مامەیارە لە سلێمانی سووتێنراون و بڕاونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک لە دارەکانی گردی مامەیارەی سلێمانی سووتێنران و بڕاونەتەوە و هێشتا ئاسەواری بڕاویی بە دارەکانەوە دیارن. عەبدوڵڵا قادر، دانیشتووی گەڕەکی مامەیارەیە و دەڵێت، هەندێک کەس فێربوون، نەوت دەکەنە ژێر دارەکان و دەیانسووتێنن و دواتریش دەیانبڕنەوە.
 
گردی مامەیارە دەکەوێتە باکووری پارێزگای سلێمانی، نزیکەی سەدەیەکە ئەم جێگەیە بووەتە سەیرانگە و ئاهەنگی خەڵکی شار و بە جێگەیەکی مێژوویی سلێمانی ناسێنراوە. ماوەیەکە، لەلایەن ژمارەی کەسی نەناسراوەوە ژمارەیەک لە دارەکانی ئەم گردە کە تەمەنەیان نزیکەی سەدەیەکە دەسووتێنرێن و دەبڕدرێنەوە.
 
پەیامنێری رووداو لەگەڵ خەڵکی گەڕەکی مامەیارە چوومەتە ئەو شوێنانەی کە دارەکانی بە سووتاون و بڕانەتەوە، هەندێک لەو دارانەی ئەوان تەمەنیان لەگەڵ باڵای دارەکان هەڵکشابوو ئاسەواریشیان نەماوە.
 
سەروەر ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی مامەیارە بە رووداوی راگەیاند، "هەندێک لە دارەکان ماوەی چەند رۆژێکی کەمە بڕدراونەتەوە، چونکە شوێنەواری بڕینەوەکەی دیارە کە نوێیە، ئەوەش ئێمە زۆر نیگەران کردوە، چونکە ئەو دارانە مێژووی گەڕەکەکەی ئێمەن و زۆر دڵگرانین ئاوها مێژوومان لەناوببرێت بۆیە داواکارین ئەو گردە، سیاجی بۆ بکرێت تا پارێزراو بێت".
 
مام عەبدوڵڵا تەمەنی 60 ساڵە، دارەکانی مامەیارە ببوونە سیمای گەڕەک و شارەکەی، نیگەرانە لەوەی کە بەمشێوەیە دارەکان ریشەکێش کراون و کەسیش خۆی لێ بە خاوەن ناکات.
 
عەبدوڵڵا قادر، دانیشتووی گەڕەکی مامەیارە ئاماژەی بەوەدا، "هەندێک کەس فێربون، نەوت دەخەنە ژێر دارەکان و دەیانسووتێنن و دواتریش دەیانبڕنەوە، نابێت ئەوە قبووڵ بکرێت، ساڵانی رابردوو زۆرینەی خەڵکی دەهاتن بۆ ئێرە بۆ سەیران کەچی ئێستا ئەونە بێخزمەتە کەس نایەت بەلایاندا".
 
پێشتر گردی مامە یارە بەهۆی چڕی و زۆری ژمارەی دارەکانی سەر بەبڕێوبەرایەتی دارستان و پاوەن بو و پێش دوو ساڵێش ژمارەیەک پاسەوان و خزمەتگوزاری هەبو، بەڵام دوو ساڵە بەبێ خزمەت و پاسەوان ماوەتەوە.
 
ئێستا کارەکانی ئەم گردە لای شارەوانیی سلێمانییە، تاوەکو ئێستا خزمەتگوزار و پاسەوانیان بۆ دابیننەکردووە، دەشڵێن؛ ئاگادارن دارەکان بڕاون و هەندێک کەرەستەی داربڕەکانیشیان دەست بەسەردا گرتووە.
 
زەردەشت رەفیق،  بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئاگادارین هەندێک کەس ماوەیەک هەوڵی بڕینەوەی دارەکانیان داوە و تەنانەت یەکێک لە مشارەکانیشمان دەستبەسەردا گرتووە، کە داربڕەکان بەکاریان هێناوە و هەر کەسێکیشیان بگیرێت بەتووندی سزا دەدرێن، چونکە قبووڵ ناکرێت کاری لەو جۆرە".
 
مامەیارە یەکێکە لە دێرینترین و بەنێوبانگترین شوێنەکانی سلێمانی و گۆڕی پیرەمێرد و دەیان کەسایەتی دیاری دیکە و کارێزی وەستا شەریف هەر لەوێیە، بووەتە بەشێک لە مێژووی شاری سلێمانی.
 
سووتاندن و بڕینەوەی دار سنەوبەرەکانی سەر رێگەی سلێمانی - تاسڵوجە لە ماوەی رابردوودا مژاری گەرمی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. دوای سێ مانگ لە سووتانیان بووە مژارێکی گەرم لەنێو هەرێمی کوردستان، ئەمەش وای لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش کرد لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێنن.
 
سووتانی دار سنەوبەرەکانی سلێمانی رۆژی 7ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بوو، سەرەتا ئاگرەکە لە بینای فەرماندەیی سلێمانییەوە بووە و بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە گەیشتووەتە سنەوبەرەکانی رێگەی سلێمانی - تاسڵوجە، بە گوتەی بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی هەشت هەزار دار سووتان.