دژەتیرۆری سلێمانی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری سلێمانی رایدەگەیێنێت، بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر بڕی 17.7 کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ.
 
رۆژی یەکشەممە، 28-01-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر - سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پاڵپشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە، تۆمەتبارێک بەناوی (س. ع. م.) لەدایکبووی ساڵی 1989 دەستگیرکراوە. 
 
بە گوێرەی دژەتیرۆری سلێمانی، تۆمەتبارەکە پێشینەی تاوانی هاوشێوەی هەبووە و چەند جارێکی دیکە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە.
 
لەبارەی سزادان و دادگەیکردنی تۆمەتبارەکە دژەتیرۆری سلێمانی باس لەوەدەکات کە، بە مەبەستی سزادانی، تۆمەتبارەکەیان رادەستی یاسا کردووە.
 
هاوکات، لەگەڵ دەستگیکردنی تۆمەتبارەکەدا دژەتیرۆری سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات کە دەستیان بەسەر 17.7 کیلۆگرامی مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.