لە باکووری کوردستان کەمپینێک بۆ کۆبانێ دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانیی شاری ئامەد، بۆ شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینێکی دەستپێکرد.
پلاتفۆرمەکە داوای کرد دەروازەی سنووریی مورشیدپنار لە شارۆچکەی پرسووسی سەر بە پارێزگای رووها، بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بکرێتەوە.
پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانیی شاری ئامەد، رۆژی سێشەممە (27ی کانوونی دووەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا سەرنجی خستە سەر رەوشە سەختەکەی شاری کۆبانێ، کە زیاتر لە هەفتەیەکە لەژێر گەمارۆی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکاندایە.
پلاتفۆرمەکە بە ناونیشانی "کەمپینی بەپەلەی هاوکاریی مرۆیی" دەستپێکردنی کەمپینەکەی راگەیاند، داوای کرد بۆ رێگریکردن لە کارەساتێکی مرۆیی و دەروازەی سنووریی مورشیدپنار بکرێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە کرا، پێویستە کاروانی هاوکاریی دەرمان و خۆراک دەستبەجێ بگەنە کۆبانێ.
دوای راگەیێندراوەکەی پلاتفۆرمەکە، کەمپینەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەربڵاو بووەوە. هەزاران بەکارهێنەر، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل بە هاشتاگی "بۆ کۆبانێ دەروازەی سنووریی مورشدپنار بکەنەوە! بانگەوازی بەپەلە" پەیامیان بڵاوکردەوە.
چالاکڤانان، لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران لە سۆشیاڵمیدیاوە داوا دەکەن بەهۆی شەڕ و گەمارۆوە، رێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەکییەکان بگەنە هاووڵاتییانی سڤیلی کۆبانێ. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی فەرمیی تورکیاوە لەبارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکەوە هیچ راگەیێندراوێک نەدراوە.
زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکان کارەبا، ئاو و ئینتەرنێتی کۆبانێیان بڕیوە و شارەکەیان گەمارۆ داوە. بەو هۆیەشەوە، کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریاوە، لە گوندەکانی کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەزاران کەس ئاوارەی نێو سەنتەری شاری کۆبانێ بوون.
زستانی سەخت و سەرماش رەوشی ئاوارەکانی سەختتر کردووە. مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە، لە کۆبانێ بەهۆی سەرما و نەبوونی هەل و مەرجەوە، پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە.