رێپێوانێک بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان لە وانی باکووری کوردستان دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
سبەی رێپێوانێک بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەکرێ.
پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراسییەکان دوو رۆژە لە وان ئامادەکاری بۆ رێپێوانێکی گەورە دەکات و داوا لە خەڵکی دەکات بەشداری تێدا بکەن.
رێپێوانەکە کاژێر 13:00 لە وان مۆڵەوە بۆ پارکی ئاشتیی موسا عەنتەر بەڕێوەدەچێ.
گولشەن کورت، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە پارێزگای وان رایگەیاند: "لە رۆژئاڤا خەڵکی سڤیل دەکوژرێن و منداڵان لە برسان دەمرن. ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی رۆژئاڤا لە بەرخودانداین. ئێمە خاوەنداری لە رۆژئاڤا دەکەین و لە هەموو گەڕەکێکدا بەرخۆدانی خۆمان بەرفراوان دەکەین."
گولشەن کورت دەڵێ، چاوەڕێی بەشدارییەکی زۆر خەڵکی وان دەکەن.
رێپێوانەکە لە کاتێکدایە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپەکانی سەر بە دیمەشق گوشارێکی گەورە لەسەر رۆژئاوای کوردستان دروستبووە و تەنانەت شاری کۆبانێ گەمارۆیەکی تووندی لەسەرە.