دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن کۆدەبنەوە و پرسەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تیمەکەی پارتی پێکهاتوون لە رێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک تەکنیککار. شاندی یەکێتیش لە رزگار حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک تەکنیککار پێکهاتوون.
رووداو زانیویەتی لە کۆبوونەوەکەدا ئەو دوو شاندە باسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و رێککەوتن لەسەر پێشنیازکردنی رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن.
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە، خۆی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارنابێت و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەشدار دەبێت. گوتیشی، باسی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتیش دەکەن.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەرییەکی راگەیاندووە کە مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی کۆببنەوە و دواتر لەگەڵ لایەکانیش کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لەبارەی هەڵبژاردن.