پۆلیسی هەولێر: دەستمان بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە ویستوویانە بە قاچاخ خەڵک بگوازنەوە
رووداو - هەولێر
هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەستیان بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلدا گرت کە دەیانویست خەڵک بە قاچاخ لە کەرکووک و گوێرەوە بهێننە نێو شاری هەولێر.
موقەدەم فازڵ حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لهلایهن مهفرهزه هاوبهشهكانى هاتووچۆ و هێزهكانى زێرهڤانى، لەسەر هەردوو رێگەی هەولێر - کەرکووک و هەولێر - گوێر، دەست بەسەر پێنج ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی پیکاب و کیای بەڕاد گیراوە، شوفێرەکانیان دەیانویست 52 کەس لە دەرەوەی شاری هەولێرەوە بەناوی کرێکار بهێننە نێو هەولێر".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی "شوفێری ئۆتۆمبێلەکان کوردن و دەستگیرکراون، ئەو 52 کەسەش کە زۆربەیان عەرەبن و ئافرەتیشیان تێدایە، رادەستی ئاسایش کران و نێردران بۆ پشكنینى پزیشكى".
موقەدەم فازڵ حاجی حوسێن باسی ئەوەی کرد "بەشێک لە شۆفێران رێگەپێدانیان وەرگرتووە، بە هیچ شێوەیەک هەوڵنەدەن بە بیانووی ئەوەی کە کرێکارن هیچ کەسێک لە دەرەوەی شاری هەولێر بگوازنەوە نێو هەولێر، چونکە ئەوە رێگهپێدراو نییە، هەر شۆفێرێکیش ئەو کارە بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێگریکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتەبەر، ئەو کەسانەشی سەرپێچیی بڕیارەکە دەکەن رووبەڕووی سزای جۆراوجۆر دەبنەوە.