لە سەقز 20 بەرپرس و کارمەندی شارەوانی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرکرا، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە شارەوانیی سەقز بەو تۆمەتە گیراون، گەیشتە 20 کەس.
 
عەلیڕەزا رەزاپوور، داواکاری گشتیی شاری سەقز لە پارێزگای سنە رایگەیاند، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی دارایی و ئابووری، دەزگا ئەمنییەکانی شاری سەقز ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئەو شارەیان دەستبەسەرکردووە.
 
عەلیڕەزا رەزاپوور باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەندین کەس بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و ئابووری لەو شارەدا گیراون و "پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت."
 
ژمارەی ئەو کەسانەی لە چەند مانگی رابردوو لە شاری سەقز بە تۆمەتی گەندەڵی گیراون، بۆ نزیکەی 20 کەس بەرزبووەتەوە کە 10 کەسیان بە دانانی بارمتە ئازادکراون و ئەوانی دیکەش هێشتا لە زینداندان. 
 
هەموو ئەوانەی دەستبەسەرکراون فەرمانبەری شارەوانی، ئەندامانی ئەم خولە و خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی شاری سەقز، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سەقز و بەڵێندەری سەر بە شارەوانی بوون.