تاوەکو مانگی 6 سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی رەینج رۆڤەری 2022 لە هەولێر فرۆشراون
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەبووان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بینینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی رەینج رۆڤەر مۆدێلی ساڵی 2022ـن، کۆمپانیای سەردار بۆ لاندرۆفەر و جاگوار لە شاری هەولێر، رایدەگەیێنێت هاوشانی وڵاتانی دیکەی جیهان ئەوانیش ئۆتۆمبێلەکەیان هێناوە بۆ عێراق و لە هەرێمی کوردستان نمایشی دەکەن.
شەماڵ بیبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی سەردار گرووپ دەڵێت، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا هاتووە و پێنج ساڵ گەرەنتی لەگەڵدایە. تاوەکو مانگی شەش سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان فرۆشراون و هەرکەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بووێت، دەبێت بۆ مانگی حەوت داوای بکەن. تەنیا لە رۆژی یەکشەممە 27ـی ئاداردا 78 ئۆتۆمبێل فرۆشراوە.
میوانەکان هەم بیانی، هەم نێوخۆیی بوون، بەشێک کڕیار و بەشێکی دیکەیان هاتبوون تاوەکو ئەو جیاوازییە ببینن کە لە دوایین ئۆتۆمبێلی خۆی، لاندرۆڤەر خستوویەتە بازاڕەوە.
دەیڤید هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە نمایشەکەدا کرد و بە رووداوی گوت، "خۆشحاڵم بۆ ئەم بانگهێشتە، سەبارەت بە ناساندنی ئەم رەینج رۆڤەرە جوانە، بەباوەڕی من ئەمە کرۆکی بەرهەمهێنانێکی کوالێتیی بەرزە وام لێدەکات شانازی بکەم بە بینینی براندێکی گەورەی بەریتانی لە بەرهەمێکی ئاوها گەورەدا کە لە بەریتانیا بەرهەمهێنراوە، بەڵام لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەفرۆشرێت."
لەگەڵ نمایشی ئۆتۆمبێلە نوێیەکە، کۆمپانیاکە کڕیارەکان هاندەدات تاوەکو رووبکەنە کڕین و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی هایبێرد، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بە وزەی کارەبا کاردەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی سەردار گرووپ باس لەوەش دەکات، "ئەمڕۆ یەکەمین وێستگەی بارگاویکەرەوەمان هێناوە تا بەکاریبهێنین."
ئۆتۆمبێلە نوێیەکە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەمی تێدا بەکارهاتووە، تایبەتمەندی نوێ و سەرسوڕهێنەری تێدایە، بەوەی ژاوەژاوی دەرەوە ناچێتە گوێی سەرنشینەکان و بڕی بەنزینی بەکارهاتوو، ئەو پاترییانە بارگاوی دەکاتەوە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدایە و هێندەی بڕی رۆیشتووی ئۆتۆمبێلەکە بە بەنزین، ئەوەندەش دەتوانێت بە کارەبا بڕوات. نرخی ئۆتۆمبێلە نوێێەکە لە 150 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەپێی تایبەتمەندییە زیادکراوەکان، نرخەکەش بەرزتر دەبێتەوە.