شەوێکی پڕ لە درۆن؛ بۆ 29یەمین شەو هێرشکرایە سەر هەرێمی کوردستان
رووداو - دیجیتاڵ
بۆ 29یەمین شەو لەسەر یەک بە درۆن هێرشکرایە سەر هەرێمی کوردستان. سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە 450 درۆن هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. بە گوێرەی زانیارییەکانیش تەنیا لە دوێنێ ئێوارەوە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 درۆن لە لەلایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانان لە هەولێر خراونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، هێرشەکان لە کاژێر شەشی ئێوارەی شەممە دەستیان پێکرد، دوای ئەوەی دەنگێکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا بیسترا، دواتر دەرکەوت درۆنێک لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تەقێندراوەتەوە.
هێرشێکی چڕ
لە کاژێر 11ی شەو هێرشەکان بە چڕی دەستیانپێکرد، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستران، لە هەمانکاتدا دەنگی تەقینەوە لە دهۆک بیسترا، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن کراوە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە.
دوای کاژێر 11:30 خولەک دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە سۆران بیستران و دانیشتووانی ناوچەکەش بە (رووداو)یان راگەیاند، گوێیان لە دەنگی درۆن بووە.
هاونیشتمانیان لە سنووری چۆمان و حاجی ئۆمەران بە (رووداو)یان راگەیاند شەش درۆنیان بینیوە، کە بە ئاراستەی هەولێر و سۆران هاتوون.
هێرشەکان بەردەوام بوون، کاژێر 11:49 خولەک دەنگی چەند تەقینەوەیەکی دیکە لە شاری هەولێر بیستران.
لەگەڵ هاتنی رۆژێکی نوێ هێرشەکان هەر بەردەوام بوون، کاژێر 12:10 خولەکی یەکشەممە دەنگی 4 تەقینەوە لە سنووری قەزای کۆیە بیستران.
دوای کاژێر 12ی شەو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور، بەپێی بەدواداچوونی رووداو هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە،
هەروەها کاژێر 12:30 خولەک بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە تۆبزاوەی هەولێر.
لە کاژێر 12:30 خولەک دوو درۆن لە سنووری قوشتەپە تەقێندرانەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو درۆنەکان لەلایەن فڕۆکەوە خراونەتە خوارەوە.
کاژێر 12:43 خولەک جارێکی دیکە دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە سۆران بیسترا.
لە کاژێر 12:45 خولەک جارێکی دیکە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری هەولێر بیسترا.
لە کاژێر 12:45 خولەک درۆنێک لە گوندی ئۆمەراوەی باڵەکایەتی لەسەر رێگەی هامڵتن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
کاژێر 1:50 خولەک جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەولێر بیسترا.
کاژێر 2:10 خولەک جارێکی دیکە فڕۆکەیەک درۆنێکی لە سنووری قوشتەپە خستە خوارەوە.
کاژێر 2:15 خولەک جارێکی دیکە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەولێر بیسترا.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە هێرشەکان بەردەوامن، کاژێر 2:30ی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە دەنگێکی بەهێز لە سنووری قەزای کۆیە بیسترا. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو دەنگەکە تەقاندەوەی درۆنێک بووە لەلایەن فڕۆکەیەکی هاوپەیمانان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە (رووداو)ی راگەیاند، "تەنیا شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 درۆن لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری لەلایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانان تەقێندراونەتەوە."
هێرشەکان برینداریان لێکەوتەوە
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی ناحیەی رزگاری (تۆبزاوا) لە قەزای خەبات بە (رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە دوو قوتابی و پۆلیسێک برینداربوون، بەڵام برینەکانیان سووک بووە، دوای وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
هەروەها بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان بەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کەوتوون و زیانی زۆریان بە خانووەکە گەیاندووە.
لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی کرایەوە پشوو
بەهۆی ئەو هێرشە زۆرانەی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کرانە سەر شاری هەولێر، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە، جارێکی دیکە لە ناوەندەکانی خوێندن کرایەوە پشوو.
ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەبەر ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەیە، رۆژی یەکشەمممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە."
هەروەها عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، ئەمڕۆ 29-3-2026 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە."
ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ئاگاداریییەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ئەهلییەوە پشووی فەرمییە."
کاژێر 2:00ی شەوی یەکشەممە هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "لەبەر ئەم بارودۆخانەی ئێستا، دوای راوێژو رەزامەندیی بەڕێزان وەزیرانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بڕیارمان دا 29ی ئازار، لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بکرێتە پشوو."
هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئاگاداری سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی ئازیز دەکەینەوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەلامەتی هەموان، بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، رۆژی یەکشەممە 29-3-2026 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (حکومی و ناحکومی) لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین پشووی فەرمییە."
"چۆڵکردنی چەند گەڕەکێکی هەولێر راست نییە"
دوای ئەوەی هەواڵی چۆڵکردنی چەند گەڕەکێکی هەولێر بڵاوکرایەوە، گوایە لەسەر داوای کۆنسووڵخانەی ئەمریکا بووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "راست نییە"
هەواڵە ناڕاستەکە بەم شێوەیە بوو: ""کونسووڵخانەی ئەمریکا بە فەرمی راگەیاند دوای 30-3-2026 تاوەکو 3-4-2026 داوا دەکات چەند شارێکی نیشتەجێبوون چۆلبکرێن کە پێکدێن لە گوندی کۆری، گوندی ئیسپانی، شاری مامۆستایان، گوندی ئیتاڵی دوو، گوندی ئارام یەک و دوو، گوندی ماس بە گشتی و دەوروبەری. بەر هۆکاری ئەمنی دەکەون و مەترسی لەسەر ژیانیان دەبێت."
سەرۆک بارزانی: پێنج جار هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکەم
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بەبێ ئەوەی كەس رێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ رێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن."
سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، "لەو کاتەی ئەو شەڕە دەستیپێكردووە زیاتر لە 450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردووەتە سەر بارەگای ئێمە."
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت."
سەرۆک بارزانی داوایەک ئاراستەی کاربەدەستانی عێراق دەکات و دەڵێت: "دەبێت خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا رایبگەیێنن كە لە توانایاندا نییە ڕرگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یان دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر رێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان."