دامەزراوەی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: زمانی دایک مەرجێکی سەرەکی دانوستان دەبێت لەگەڵ دیمەشق

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرای دەکات، 40 هەزار مامۆستا لە باکوور و رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، واتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هەن، کە 20 هەزاریان کوردن، "زمانی دایکیش یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی دانوستانی نێوان قامشلۆ و دیمەشق دەبێت."
 
ڤیان حەسەن، سەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە نالین حەسەن ئەنجامی داوە، باسی لە دۆخی زمانی کوردی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد و گوتی، لە 15 ساڵی رابردوودا دەرفەتی باش بۆ زمانی کوردی دروستبووە، لە قوتابخانە و زانکۆکان بە کوردی دەخوێندرێت و کتێبەکانیش بە کوردین.
 
بەپێی ئامارەکان، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر 4200 قوتابخانە هەن، کە 860 هەزار قوتابی لەو قوتابخانانە بە سێ زمان دەخوێنن، ئەوانیش کوردی، عەرەبی و سریانییە.
 
ڤیان حەسەن ئاماژەی بە فراوانبوونی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، لە هەموو دامودەزگا فەرمییەکانی رۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی زمانی فەرمییە، جگە لەوەش زمانی کوردی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بەکاردێت، "ئێمەش وەکو بەرپرسی سەرەکیی زمانی کوردی هاوئاهەنگیی زۆرمان لەگەڵ ناوەندەکانی پەروەردە هەیە، بۆئەوەی سەرچاوەی زیاتری زانستی بۆ زمانی کوردی دابین بکەین."
 
سەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 40 هەزار مامۆستا هەن، کە 20 هەزاریان کوردن، هەر پێکهاتەیەکی ناوچەکەش بە زمانی خۆی دەخوێنێت، لە پۆلی 4ەوە قوتابی دەتوانێت فێری زمانێکی دیکەی جگە لە زمانی دایک بببێت.
 
لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بۆ پرسی پەروەردە و فێرکردن، ڤیان حەسەن هۆشداری دەدات و دەڵێت، پەروەردە بە زمانی دایک مەرجێکی سەرەکییە لە هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ دیمەشق، دەکرێت لەسەر سیستمی پەروەردە رێککەوتن بکرێت، بەڵام زمانی دایک هێڵی سوورە.