گەنجێکی 25 ساڵ: بەهۆی نیشانەی دەموچاومەوە ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینیم دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
یونس ئەحمەد، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵە، نیوەی دەموچاوی بە نیشانەیەکی سرووشتی (خاڵ) داپۆشراوە. ئەم نیشانەیە بووەتە هۆکاری بەشێک لە کێشەکانی. ئەو هاونیشتمانییە لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەی لە دۆخێکی سەختی داراییدا دەژی و داوای هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێ.
یونس بە دەنگی پڕ لە حەسرەتەوە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی رابردووی خۆی کرد و گوتی: "سێ جار چوومەتە خوازبێنی. یەکێکیان بە راشکاوی پێی گوتم، 'لەبەر نیشانەی دەموچاوت ناتوانم ژیانی هاوژینیت لەگەڵ پێکبێنم. ئەو قسەیە زۆر بێتاقەتی کردم و لەو کاتەوە هەست دەکەم کەس ئامادە نییە لەگەڵم بژی. دووانەکەی دیکەش داوای ماڵی جیایان کرد، بەڵام من بە داهاتی رۆژانەی 10 هەزار دینار و دایکێکی نەخۆشەوە چۆن بتوانم ماڵی جیا دابین بکەم؟"
ئەو هاونیشتمانییە تاوەکو پۆلی هەشتی بنەڕەتی خوێندووە، بەڵام دوای کۆچی دوایی باوکی و بۆ دابینکردنی بژێوی، ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت و روو لە شوانی و دواتریش کرێکاری بکات. یونس ئێستا لەگەڵ دایکی لە ماڵی براکەی لە بەحرکە دەژین. براکەی پێشمەرگەیە و 14 ئەندامی خێزانەکەی لە خانوویەکی کرێدا بەخێودەکات.
یونس دەڵێت: "رۆژانە لە شەقام چاوەڕێی کار دەکەم، هەندێک رۆژ 10 یان 15 هەزار دینارم دەستدەکەوێ و هەندێک رۆژیش هیچ. ئەو پارەیەش بۆ دەرزی و دەرمانی دایکم خەرج دەکەم."
لەیلا رەسووڵی دایکی یونس کە تەمەنی 60 ساڵە، کەمئەندامە و نەخۆشە، پێویستی بە دەرزییەکە کە نرخەکەی 40 هەزار دینارە. یونس بۆ دابینکردنی ئەو دەرزییانە، بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار (25 وەرەقە) قەرزارە.
لەیلا رەسووڵ لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "کاتێک یونس لەدایکبوو، گوتم ئەمە کاری خودایە و بە جوانترین شێوە بەخێوم کرد. ئێستا تەنیا ئاواتم ئەوەیە پێش مردنم بیبینم کە چارەسەری وەرگرتووە، هاوسەرگیری کردووە و لە ماڵی خۆیدایە."
سەبارەت بە چارەسەری پزیشکی، دکتۆر سامی وەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "ئەو نیشانەیەی یونس پێی دەگوترێت 'خاڵی ئۆتا' و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیانی نییە. لابردنی تەنیا بۆ جوانکارییە و دەکرێ لەرێگەی نەشتەرگەری یان بەکارهێنانی لێزەرەوە چارەسەر بکرێ، بەڵام پرۆسەکە نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت و لە هەرێمی کوردستان دەکرێ."
یونس دەڵێت: "دەمەوێ نەشتەرگەری بکەم و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم. هیوادارم خێرخوازان یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرم و بتوانم وەک هەر گەنجێکی دیکە ژیانی هاوژینی پێکبێنم."