رووماڵی تایبەت.. هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان


رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بە 68 دەنگی پەرلەمانتاران نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

11:35 نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا

کاژێر 11:30 خولەکی ئەمڕۆ (سێشەممە 28-5-2019) کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و لە دەنگدانێکی ئاشکرادا نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی 68 پەرلەمانتار وەک سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

11:30 پەیامنێری رووداو: کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکرد 

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەبێ فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.

11:16 پەیامنێری رووداو: یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات

سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نەکات، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەبوو، دوێنێ پارتی دڵنیایی دایە یەکێتی ئەو رێککەوتنە سیاسیەی لەنێوانیاندا هەیە وەکخۆی دەچێتە پێشەوە. بەڵام دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی سەوز بە سەرۆکی فراکسیۆنی زەردیان راگەیاندووە کە ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن". 

پەیامنێری رووداو دەڵێت: "ئەگەر یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات، لە رووی یاساییەوە هیچ گرفتێک دروست ناکات. چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 56 دەنگی پەرلەمانتار هەیە. بەڵام رەنگە لە رووی سیاسییەوە جۆرێک لە ساردی لەنێوان یەکێتی و پارتی و هۆڵی پەرلەمان دروست دەبێت". 

11:00 نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ناکات 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "بڕیارماندا بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نەکەین، چونکە ئەو مەرجانەی بۆ بەربژێری سەرۆکی هەرێمی دانراون قبووڵ نین و  خزمەتی سیستەمی پەرلەمانی ناکات. بۆیە وەک بەرپرسیارییەتییەکی مێژوویی بڕیارماندا بەشداری کۆبوونەوەکە نەکەین".

بەپێی رێککەوتنی نێوان گۆڕان، پارتی و یەکێتی زۆرترین پەرلەمانتار دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "نێچیرڤان بارزانی تەنیا بەربژێری پارتی نییە و بەربژێری هەموو لایەنەکانە بەتایبەت ئەوانەی رێککەوتنیان لەسەر پرۆژەیاساکە کردووە و ئێمەش وەک پێکهاتەی تورکمان پشتگیری لە نێچیرڤان بارزانی دەکەین و دەنگ بەو دەدەین".

بەپێی رێکارەکان، بۆ رۆژی دەنگدان ئەو پێنج بەربژێرەی دەیانەوێ ببنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناچنە پەرلەمان، تەنها سیڤییەکانیان دەدرێتە پەرلەمانتاران و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگیان پێدەدرێت. هەر کەس متمانەی پەرلەمانتارانی وەرگرت، سوێندی یاسایی دەخوات، کە بەپێی زانیارییەکانی رووداو رێوڕەسمی سوێندخواردن دەکەوێتە پاش پشووەکانی جەژنی رەمەزان. 

بەپێی زانیارییەکان فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات و فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووش دەنگ بەهیچ بەربژێرێک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نادەن.

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەنگدانێکی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت. لەکاتی دەنگداندا ئەگەر هیچ بەربژێرێک دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا ئەو کاتە دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەبێت کە زۆرینەی دەنگیان هێناوە.

بەربژێرەکان بریتین لە:

1. نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی:

- لە 21ی ئەیلوولی 1966 لە حاجی ئۆمەران لەدایكبووە
- لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون
- خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران
- لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی
- لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
- لە 1999 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی چوارەم)
- 2006 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە)
- لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆكوەزیران
- لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرتەوە تاوەكو 2018
- لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا بووەتە جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان
- 3/12/2018 كرایە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە بەناوەكانی (ئیدریس، چیاڤان، رانیە و مایا).

2. محەممەد حەمەساڵح عومەر

لە 1-7-1974 لەدایکبووە
کۆلێژی یاسای لە زانکۆی جیهان تەواوکردووە 2014-2015
پسپۆڕیی لە کارگێڕی و رامیاریدا هەیە
کوردی و عەرەبی دەزانێت
سەڵتە

3. رێبوار عەزیز مستەفا

لە 22-2-1979 لەدایکبووە
دەرچووی کۆلێژی ماف-بەشی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین 2001-2002
17 ساڵ کاری پارێزەرایەتی کردووە
کوردی و عەرەبی دەزانێت
خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە

4. هیوا عەبدوڵڵا خدر

لە 1-7-1972 لەدایکبووە
نووسەر و شاعیرە
سێ پەرتووکی چاپکراون
بڕوانامەی بنەڕەتی هەیە
خێزاندارە

5. ئومێد عەبدولسەلام قادر

لە 1-1-1979 لە دایکبووە 
خێزاندارە
دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی سەڵاحەدین ساڵی 2006 

دوای ئەوەی دەنگ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان درا، فراکسیۆنی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناوی مەسروور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ناوی ئەو بەربژێرە دەداتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەویش بەپێی پرۆتۆکۆڵ مەسروور بارزانی بانگهێشت دەکات و رایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

لە دوای راسپاردنی، مەسروور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان.