هاوسەرۆکی شارەوانییەکی هەدەپە، بێتاوان دەرچوو و ناگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی شارەوانییەکی پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان کە قەیووم لە شوێنی دانرابوو و لەو دۆسیەیەی تێیدا دادگایی دەکرا بێتاوان دەرچوو، بەڵام هێشتا نەگەڕێندراوەتە سەر کارەکەی.
 
رۆژی سێشەممە 30 ئاداری 2021 ، دووەم دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەی ئەحمەد کایا، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی شارۆچکەی ئەرخەنی لە هەشتەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو، دەستەی دادوەران بڕیاریان دا کە ئەحمەد کایا بێتاوانە. 
 
دوای ئەوەی لە وادەی یاساییدا هیچ تانەیەک لە بڕیاری دادگا نەدرا، رۆژی 7ی نیسانی 2021 بڕیاری بێ تاوانی کایا بە یەکجاری یەکلابووەوە و رێگای تانەدان لە بڕیارەکە داخرا. دواتر پارێزەرەکانی ئەحمەد کایا داواکارییان پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای ئامەد کرد بۆ ئەوەی کایا وەک سەرۆکی شارەوانیی ئەرخەنی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.  
 
بەڵام پارێزگای ئامەد نووسراوێکی ئاراستەی هەمان دادگا کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، ئاگای لەو بڕیارە نییە و  پێدەچێت تانە لە بڕیارەکە بدەن. هەروەها بە پاساوی ئەوەی لەوانەیە بڕیارەکە زیان بە کەرتی گشتی بگەیێنێت و داوایان لە دادگا کرد جێبەجێکردنی بڕیارەکە رابگرێ. دادگاش لەسەر داواکاری پارێزگای ئامەد بە بڕیارەکەی خۆیدا چووەوە دەرگای واڵا کرد بۆ تانەدان لە بڕیارەکە. 
 
ئەحمەد کایا هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی شارۆچکەی ئەرخەنی، بە پاساوی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاهەنگی نەورۆز، پرسەی گەریلایەکی پەکەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو.  
 
ئەحمەد کایا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی ئینسان و ئازادی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئاداری 2019 بەربژێری هاوپەیمانی پارتە کوردستانییەکانی باکووری کوردستان بوو و لەسەر لیستی هەدەپە بووە هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەرخەنی. 
 
کایا، رۆژی 23ی ئاداری 2020 بەهۆی ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەسەر کار لادرا و قایمقامی شارۆچکەی ئەرخەنی وەک قەیووم لە شوێنی دانرا.
 
ئەحمەد کایا دواتر لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی ئامەد دەستبەسەرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئامەد ئازادکرا. 
 
پارتی دیموکراتی گەلان، هەدەپە 31ی ئاداری 2019 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا شارەوانییەکانی 3 گەورەشار، 5 شار، 45 شارۆچکە و 12 شارەدێی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 65 شارەوانی. 
 
هەر لە سەرەتاوە بەڵگەنامەی کارکردن بە 6 شارەوانیی هەدەپە نەدرا، بۆ 59 شارەوانییەکە، تاوەکو ئێستا قەیووم لەسەر 52یان دانراوە، سەرۆکی 2 شارەوانی لەلایەن هەدەپە دوورخرانەوە، ئەو دوو سەرۆکشارەوانییە سەرەتا دەستیان لە هەدەپە کێشایەوە و دواتر چوونە سەر لیستی ئاکپارتی. ئێستا تەنیا 5 شارەوانی بەدەست هەدەپەوە ماون. 
 
لە 19ی ئابی 2019 دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆکشارەوانییەکانی هەدەپە دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا قەیوم بۆ سێ گەورە شارەوانی، پێنج شارەوانیی شار، 33 شارۆچکە و 7 شارەدێی هەدەپە دانراون.
 
هەروەها تاوەکو ئێستا 72 هاوسەرۆکی شارەوانی هەدەپە دەستبەسەرکراون، 37 هاوسەرۆکی شارەوانی کە 19یان هاوسەرۆکی ژنن، خراونەتە زیندانەوە.
 
15 هاوسەرۆکی شارەوانی لە زیندانەکانن، لەم ژمارەیە 7 هاوسەرۆکیان ژنن. هەروەها لەو ماوەیەدا سزای بەندکردن لە ماڵەوە بەسەر 7 هاوسەرۆکی شارەوانی ئەو پارتەدا سەپێنراوە. 
 
بێجگە لە لادانی هاوسەرۆکانی ئەو شارەوانییانە، 807 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی هەدەپە کە لە 18ی ئابی 2020 بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دەنگی ئەو شارەوانیانەی هەدەپە کە قەیوومیان لەسەر دانراوە 4 ملیۆن و 268 هەزار دەنگ بووە. دوای دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی قەرس، کە هاوسەرۆکەکەی ئایهان بیلگەن بوو و لە 30 ئەیلولی 2020، کۆی دەنگی ئەو شارەوانییانەی هەدەپە کە قەیوومیان لەسەر دانراوە گەیشتە 4 ملیۆن و 320 هەزار دەنگ.