لە باکووری کوردستان 15 کیلۆ زێڕ دەکرێتە مارەیی بووکێک
رووداو دیجیتاڵ
کچێکی خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان ژیانی هاوژینی پێکهێنا و مارەیی بووکەکە 15 کیلۆ زێڕی دەستبەجێیە و بۆ زەماوەندەکەشیان زیاتر لە پێنج هەزار کەس بانگهێشت کرابوون.
ئێستا هەواڵی بووکە شۆخوشەنگەکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە بابەتێکی میدیاکانی باکووری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، تورکیا و ئێران؛ زاوا کوڕی سەرۆک هۆزێکە لە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە زەماوەندەکەیدا بەشدارن.
زەماوەندەکە بە قەرەباڵخترینی ئەم چەند ساڵەی دوایی دادەنرێت کە لە پارێزگای جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو بێت؛ رێوڕەسمەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ و شەو بەردەوام بوو و نەجمان ئادیامان، باوکی زاوا لە رێورەسمەکەدا دوو ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری بە دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کرد.
زاوا ناوی حازم ئادیامان، کوڕی سەرۆکی هۆزی ژرکی باکووری کوردستانە و بووکیش خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوی ماهانا عەبدوڵڵاییە؛ لە زەماوەندەکەدا میوانەکان پێنج ملیۆن و 300 هەزار لیرەیان بە دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کرد کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
پارێزگای جۆلەمێرگ لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە رۆژئاواشەوە هاوسنووری پارێزگای وانەیە؛ زۆربەی دانیشتووانی شاری هەکاری و ورمێ خزم و کەسوکاری یەکدیین و تاوەکو ئێستاش هاتووچۆ و ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەیە.