پلاسخارت بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانیی کرد
رووداو دیجیتاڵ
جێنین پلاسخارت بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانیی کرد و سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
رۆژی سێشەممە، 28ی ئایاری 2024، بارەگای بارزانی رایگەیاند، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كرد، كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆل بارزانیی كردبوو.
لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا.
هاوکات، سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جێنین پلاسخارتی كرد و "پێزانینی بۆ ئەو رۆڵە باشە هەبوو كە لە ماوەی كاركردنی لە عێراقدا بە مەبەستی یارمەتیدانی سەقامگیریی عێراق و لەیەك نزیككردنەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان گێڕاویەتی" و هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
رۆژی 20-5-2024، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پلاسخارت لە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە عێراق، وەک نوێنەری سکرتێری گشتی، ئەرکێکی نوێی پێسپێدراوە و کراوەتە رێکخەری یوئێن لە لوبنان.
پلاسخارتی تەمەن 51 ساڵ، لەساڵی 2004 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و سەر بە پارتی گەل و ئازادی و دیموکراسی هۆڵەندیی بووە. دواتر لەساڵی 2012 بووەتە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و تاوەکو ساڵی 2017 لەو پۆستە ماوەتەوە. بێجگە لە زمانی ئینگلیزی، زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانیش دەزانێت.
پلاسخارت لەساڵی 2014، وەکو وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، سەرپەرشتی رۆڵی هۆڵەندای کرد لە شەڕی دژ بە داعش، شەش فرۆکەی جەنگیی ئێف - 16ی دابینکرد بۆ بە ئامانجکردنی پێگەکانی داعش لە سووریا.
لەساڵی 2023، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا لە پۆستەکەی، پلاسخارت داوای پارتەکەی رەتکردەوە ببێتەوە سەرۆکی پارتی گەل و ئازادی و دیموکراسی.