لە حاجیاوا رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل روویدا و کەسێک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی راپەڕین رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویداوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی هاتووچۆی راپەڕین، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-06-2021 کاژێر 07:00 رووداوێکی هاتووچۆ لە ناحیەی حاجیاوا لە شەقامی شەهیدان روویداوە، کە لە جۆری پێکدادان بووە و لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل بووە.
 
ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری نیسان، تۆیۆتا کراون و BMW بوون، هۆکاری کەوتنەوەی رووداوەکەش پابەندنەبوونی شۆفێران بووە بە یاساکانی هاتووچۆ.
 
وەکو هاتووچۆی راپەڕین دەڵێت، لە ئەنجامی رووداوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە کە شۆفێری نیسانەکە بووە و کەسێکی دیکەش برینداربووە کە شۆفێری تۆیۆتا کراونەکە بووە.