سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: سندووقی هەڵبژاردنی گەڕۆکمان لە کەرکووک و کەلاریش داناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی پێشبینی دەکات 500 بۆ 1000 کەس لە سنووری پارێزگاکە بەشداری 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران بن. گوتیشی، سندووقی گەڕۆکیان بۆ کەرکووک، کەلار و هەڵەبجە داناوە.
 
محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران رایگەیاند، ''لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە پڕۆسەی دەنگدان لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە، هاووڵاتییانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستانن، دەتوانن لە رێگەی کۆنسووڵخانەوە دەنگ بدەن".
 
محەممەد مەحموودیان گوتی، جیا لەو سندووقەی لە کۆنسووڵخانەکە داندراوە، دوو سندووقی گەڕۆکیشیان لە کەرکووک، هەڵەبجە و کەلار داناوە.
 
لە سلێمانی، لە کەلار لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە دەنگدان دەستیپێکردوە و تاوەکو کاژێر 12:30 بەردەوام بوو، دواتر کاژێر 15:00 سندووقەکە دەبرێتە هەڵەبجە و تاوەکو 17:30 دەنگدان بەردەوام دەبێت.
 
 
کاتی فەرمیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن کاژێر 18:00ـی ئێوارەیە. محەممەد مەحموودیان گوتی، ''ئەگەر پێویست بە کاتی زیاتر بکات، ماوەکە درێژ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بتوانن دەنگ بدەن".
 
وەک سەرکۆنسووڵی پارێزگاکە گوتی، پێشبینی دەکرێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 500 تاوەکو هەزار کەس دەنگ بدەن. گوتیشی، ''پلانمان هەیە دوانیوەڕۆ سندووقی دەنگدان بۆ ئەو ئێرانییانەش ببەین کە لێرە بەندکراون".
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 29-06-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەیە کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 450 هەزار کەسن.
 
لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، چوار بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن؛ سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، مستەفا پوورمحەممەدی کە بەربژێری نەریتخوازەکانن و مەسعوود پزیشکیانیش، کە تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکانە. بە گوێرەی راپرسییەکان بەربژێرەکەی ریفۆرمخوازان چانسی دەرچوونی زیاترە.