یەکێتی سەرۆکی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردن گۆڕی

رووداو - هەولێر 

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆک لیستی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی  خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

بڕیار ره‌شید، گوته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئه‌رسه‌لان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وه‌ك سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستنیشانكراوه و لەماوەیەکی نزیکیشدا ناوی سەرجەم کاندیدەکان ئاشکرا دەکەین".

دوای چەند کاژێرێک لەو لێدوانەی بڕیار رەشید، یەکێتی بڕیاریدا قوباد تاڵەبانی بکاتە سەرۆک لیست. 

گوته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتیشی: "یه‌كێتی له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا ناوی سه‌رجه‌م كاندیده‌كانی پێشكه‌ش به‌ كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی کوردستان ده‌كات".

ئەمڕۆ شەممە 28-7-2018، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ پەسەندكردنی لیستی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات و دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەندییەوە کاندیدەکان دەبنە کاندیدی فەرمی ئەو حیزبە.

رۆژی 25-7-2018 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان وادەی وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرانی درێژکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 29ـی ئەم مانگە دوایین رۆژ دەبێت. 
 
رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

بەشێکی زۆر لە حیزبەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناوی سەرۆک لیست و بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی نیشمانی کوردستان ناوی بەربژێرەکانی بە فەرمی رانەگەیاندووە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن