ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێنج پۆست یەکلایی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پاڵێوراوانی پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی، دوو بەڕێوەبەری گشتی و دوو بەڕێوەبەری ناحیە دەدرێن.
ئازاد حەمەدەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کاژێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دەنگ لەسەر پاڵێوراوی پێنج پۆست دەدرێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو پێنج پۆستەی ئاشکراکرد کە ئەنجوومەنەکە دەنگیان لەسەر دەدات و گوتی: "پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی لە پشكی یەكێتی کە ئێستا بەتاڵە و سێ بەربژێر هەن، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی کە هەردووکیان پشكی یەكێتین و ئێستا بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن و بۆ هەریەک لەو پۆستانەش سێ بەربژێر هەن، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەكانی خەلەكان و وارماوا کە هەریەکەیان پاڵێوراوێکیان هەیە دەنگیان لەسەر دەدرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "بەپێی یاسا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگ بە پاڵێوراوەکان دەدەن و ناوەکانیان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ئەوانیش دەینێرن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ رەزامەندی لەسەر ناوەکانیان دەدرێت".
بە گوتەی ئازاد حەمەدئەمین هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانیدا دەنگ لەسەر فراوانکردنى گوندى تەڕەمار لە ناحیەى پیرەمەگروونى سەر بە قەزاى دووکان دەدرێت و دەنگیش لەسەر گۆڕینى ناوى گوندێک دەدرێت.