چیرۆکی ئەو کچەی لە ژووری ئالیکی ئاژەڵدا خوێندی و لە پۆلی 12 کۆنمرەی 97.6ی بەدەستهێنا


رووداو- هەولێر

تریسکە کاروان، کچە خوێندکارێکی گوندی بنسڵاوەی بچووکە و بە کۆنمرەی 97.6، سەلماندی خواست و کۆڵنەدان دەتوانن بەسەر هەژاری و کەمدەرامەتیدا سەربکەون. ئەو لە ژوورێکی بچووکدا کە پێشتر شوێنی ئالیکی ئاژەڵ بووە، دوا لاپەڕەی قۆناخێکی گرنگی ژیانی خوێندنی داخست و ئێستا خەون بەوەوە دەبینێت داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی و خێزانە 8 کەسییەکەی دابین بکات.
 
تریسکە، کە نۆبەرەی خێزانەکەیەتی، چیرۆکی ئەو ژوورە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە کە بووەتە شوێنی بەدیهێنانی خەونەکانی. ماڵباتەکەی ژوورێکی بچووکی ماڵەوەیان کە پێشتر بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و ئالیکی ئاژەڵ بەکارهاتووە، بۆیان کردووە بە شوێنی خوێندن.
 
تریسکە کاروان، دەرچووی پۆلی 12ـی زانستی دەڵێت: "سەرەتا ئێرە شوێنێکی گونجاو نەبوو، بەڵام لەبەر من و خوێندنەکەم بۆیان دروستکردم. جگە لە هاندانی دەوروبەر، خۆشم حەزم لە خوێندن بوو. زۆر بیرم لەوە کردووەتەوە ببمە کەسێک کە داهاتێکی باشم هەبێت و بتوانم یارمەتیی خێزانەکەشم بدەم."
 
بژێویی ژیانی ماڵباتی تریسکە لەسەر داهاتی باوکە کرێکارەکەیانە، بەڵام وەک دایکی دەڵێت، ئەگەر لەڕووی ماددیشەوە دەستکورت بن، دەتوانن لەڕووی مەعنەوییەوە رێگەی دژواری منداڵەکانیان هەموار بکەن.
 
بێگەرد دایکی تریسکەیە و بە رووداوی گوت: "جار هەبووە نەمانتوانیوە شتێکی بۆ بکڕین و زۆر خەفەتم خواردووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا کەسوکار و دەوروبەرمان نەیانهێشتووە کەموکوڕیمان هەبێت. پشتیوانیی ماددی پێویستە، بەڵام پێویستە لەڕووی مەعنەوییەوە زیاتر لەگەڵیدا بیت. کاتێک کچەکەت ماندووە، نابێت گوشاری زیاتری بخەیتەسەر و پێی بڵێیت زیاتر بخوێنە، بەڵکو پێی بڵێ کچەکەم بڕۆ پشوویەک بدە، چونکە ئەو کاتە مێشکی هیچی تر وەرناگرێت."
 
کۆنمرە بەرزەکەی تریسکە تەنیا سەرکەوتنێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو هیوا و ئاواتی ماڵباتێکە کە باوکێکی کرێکار بژێوییان دابین دەکات. ئێستا تریسکە بە هیواوە سەیری داهاتوو دەکات، بۆ ئەوەی بە رەنجی خوێندنەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی خۆی و خێزانەکەیدا هەڵبداتەوە.