لە باکۆ مۆبایلەکەم ونکرد لە هەولێر وەرمگرتەوە

رووداو - هەولێر 

یەکەمجارم بوو گەشت بکەم بۆ وڵاتی ئازەربایجان، هەر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تا گەیشتمە باکۆی پایتەخت وێنە و ڤیدیۆی دوورمەودای گەشتەکەم بە مۆبایلە ئایفۆنە شەش ئێسەکەم چرکاند، دیمەنی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی ئەو وڵاتەم لەنێو مۆبایلەکەم ئەرشیف کرد و نیازم بوو، ئەوەی چرکاندوومە بیکەمە چەند ستۆرییەک و وەک بابەتی رۆژنامەڤانی بڵاویان بکەمەوە.


لە دووەم رۆژی گەشتەکەم چەند شوێنێکی پایتەختەکەی ئازەربایجان گەڕام، لەوانە سەردانی سێ تاوەرە بەرزەکانی باکۆ (Flame Towers)، کە بەرزترین تاوەرەکانی ئەو شارەیە و بەرزییەکەی 190 مەترە، هەروەها سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی وەک Park Bulvar و Targoviـە و چەند شوێنی دیکەم کرد، لەوێش بە مۆبایلەکەم چەند دیمەنێکی ناوەزە و جوانم چرکاند. 

لە سێیەم رۆژ و لە کاژێر 21:30 خولەکی شەو دوای ئەوەی لەگەڵ هاوسەفەرەکەم بە تاکسییەک لە Dalga Beach ( شوێنێکی گەشتیاری بۆ مەلەوانی و هەبوونی چەند رێستۆرانتێک لەنێویدا) بەرەو پارک بولڤار هاتین، ئیدی لەو رێگەیەدا کە ماوەکەی تەنیا 25 خولەک بوو، مۆبایلەکەم بوو بە نان و ئاو، ئیدی کەس نەیزانی ئەو مۆبایلە چی لێ بەسەرهات. 

کاتێک لە تەکسییەکە هاتمەخوارەوە یەکسەر دەستم بۆ گیرفانم برد بە هاوسەفەرەکەم گوت (دلۆڤان) مۆبایلەکەم!، ئیدی ئەو کات گومانم بۆ دوو شوێن چوو کە دەبێت مۆبایلەکەم یان لەنێو تاکسییەکە جێمابێت یان لە کاتی هاتنە خوارەوەم لە تاکسییەکە بەربووبێتەوە خوارەوە. 

ئەو شەوەی مۆبایلەکەم لێبزربوو زۆر بەدوایدا گەڕاین، تەنانەت چووینەوە ئەو جێگایەی کە بە تاکسییەکە لێیوەهاتبووین، کە گەیشتینە ئەو شوێنە هیچ کەسێک لەوێ نەمابوو. ئەو شەوە شەوێکی ناخۆش بوو، چونکە مۆبایلەکەم بزرکردبوو، دەترسام لەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆ و ژمارە مۆبایلانەی لەنێویدایە بفەوتێن. 

بۆ رۆژی دواتر لەڕێگەی هاوڕێیەکمان لە کوردستان، کە ماوەی شەش ساڵ لەو وڵاتە ژیابوو لەگەڵ چەند شۆفێرێکی دیکەی تاکسی قسەی کرد، دواتر هەرچۆنێکبێت شۆفێری ئەو تاکسیەمان دۆزییەوە، کە گومانم هەبوو لەنێو تاکسییەکەی ئەودا جێمابێت، هەرچەندە پۆلیسیش ئەوکات هاوکارمان بوو، بەڵام ئەو شۆفێرە سوێندی خوارد و چەند جارێک گوتی مۆبایلەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی مندا نییە و من نەمبردووە، چونکە ئەو گوتی لەدوای ئێوە کەسێکی دیکەم سەرخستووە، ئەگەر بێت و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی منیشدابووبێت دەکرێ کەسێکی دیکە بردبێتی، سەرنجام ئاو بێنە و دەست بشۆ، مۆبایلەکە دوای گەڕانێکی زۆر نەمانتوانی بیدۆزینەوە، ئێمەش بۆ سەفەر چووبووین نەدەکرا هەموو رۆژەکانمان بەدوای ئەو مۆبایلەدا بگەڕێین، ئیدی وازمان هێنا و دەستمان بەگەڕان و گەشتی کردەوە.

لەبەرئەوەی سەرجەم پاسۆرد و ئیمەیڵەکانم لەنێو مۆبایلەکەمدا هەڵگرتبوو، وە سکیوریتی فەیسبووکەکەشم بە ژمارە مۆبایلەکەمەوە بەسترابوو، نەمدەتوانی سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنم، هەتا ئەو رۆژەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتمەوە، دەستبەجێ چوومە کۆڕەک تیلیکۆم و ژمارەی مۆبایلەکەم کە هەر بەناوی خۆمەوە بوو وەرگرتەوە، دواتر داخڵی فەیسبووک بووم و لەنێو مەسیج ریکوێستەکانم کەسێکی ئازەری رۆژێک دوای ونبوونی مۆبایلەکەم بە زمانی ئینگلیزی نامەی بۆ ناردبووم و نووسیبووی ( سڵاو.. تۆ راوچی؟ ئەو کەسەی کە مۆبایلەکەت بزرکردووە، تکایە بەو ژمارەیەی لە خوارەوە دامناوە پەیوەنیم پێوە بکە، من مۆبایلەکەی تۆم دۆزیوەتەوە)، تەنانەت لە کۆتا پۆستی فەیسبووکەکەم کۆمێنتی دانابوو و داوای کردبوو کە کەسێک من ئاگادار بکاتەوە ، بەڵام هیچ کەسێک وەڵامی نەدابوویەوە.

کە نامەکەم بینی باوەڕم نەکرد، دووجاری دیکە خوێندمەوە، دەمویست نامەی بۆ بنووسم نەمدەتوانی چونکە شۆک ببووم!، دوای چەند خولەکێک نامەم بۆ ناردەوە و بۆم نووسی "پیاوی چاک سوپاس بۆ تۆ ، بەڵی من ئەوکەسەم مۆبایلەکەم بزرکردووە، هەر ئەو شەوە ویستم تەلەفۆنی بۆ بکەم، بەڵام گوتی ئێستا سەرقاڵم و دواتر قسە دەکەین، منیش وتم باشە. بە مەسج بەردەوام بووین لە قسەکردن.

لە کوڕەکەم پرسی و پێمگوت چۆن زانیت ئەو مۆبایلە هی منە لەکاتێکدا پاسۆرد لەسەر شاشەی مۆبایلەم هەیە ؟. گوتی، لە رێگەی بەرنامەی iTunesـەوە توانیم مۆبایلەکەت بدەم لە کۆمپیوتەر و ناوی تۆ دەرکەوت. ئینجا دواتر لە گوگڵ و فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ناوەکەت گەڕام و تۆم دۆزیەوە، وە وێنەی سەر مۆبایلەکەشت ئاسانکاری بۆ کردم.

دواتر قسەی زیاترمان کرد و لێم پرسی تۆ کێی و خەڵکی کوێی و چ ئاینێکی ؟ وتی من ناوم (ئەمین)ـە خەڵکی ئازەربایجانم و موسڵمانم. ئەو کاتەی مۆبایلەکەی تۆم دۆزیەوە دروست لای ماڵی خۆمان بووم لە نزیک پارک بولڤار، ئیدی کە گوتی موسڵمانم زۆر دڵخۆش بووم، بۆ رۆژی دواتر من ژمارەی هاوڕێیەکی خۆمم پێدا کە بەمەبەستی گەشت لە ئازەربایجان بوو، لە شوێنێک یەکتریان دیتبوو مۆبایلەکەی منی بە هاوڕێکەم دا بوو، دواتر هاوڕێکەم لە هەولێر مۆبایلە ونبووەکەمی پێدامەوە.