عومەری کەریم ئاغا: تەندروستیم زۆرباشە
رووداو - سلێمانی
هونەرمەندی ناوداری کورد، عومەری کەریم ئاغا هەواڵی مردنی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "تەندروستیم زۆر باشە".
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عومەر ئاغا رایگەیاندووە، سوپاس بۆخوا تەندروستی من زۆر باشە و ئەو هەواڵانەی لەسەر مردنی بڵاودەکرێنەوە دوورە لە راستییەوە.
کەریم عومەر کەریم، کوڕی هونەرمەند عومەر کەریم ئاغا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەواڵی نەخۆشکەوتنی باوکی راستە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکەکاندایە لە بەشی چاودێری چر، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە.
کوڕەکەی عومەر کەریم ئاغا گوتی "باوکم نەشتەرگەری بۆ کراوە، حاڵەتەکە ئاساییە و ئێستا رەوشی تەندروستی زۆر باشە".
عومەری کەریم ئاغا، یەکێکە لە هونەرمەندە ناودارەکانی بواری شانۆ و دراما، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و کاری نواندنی لە بەشێکی زۆری دراما و شانۆکاندا کردووە. ئاغا "پیاوێکی قسەخۆشە و بەشێک لە نوکتە و قسەخۆشەکانی لە دوتوێی کتێبێکدا چاپکردووە".
عومەری کەریم ئاغا بۆ بژێوی ژیانی دووکانێکی فرۆشتنی بەهاراتی لە بازاڕی کۆنی سلێمانی داناوە، بە ناوی بەهاراتی ئاغا.