كچێكی ئێزدی: چەكدارەكانی داعش گوتیان بە جیهان بڵێن چیتان بەسەردێت
رووداو- دهۆك
"نابێت جیهان لەو تاوانانەی كە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەدژی ژنان كردوونی بێدەنگ بێت" ئەمە وتەی پەخشان زەنگەنە سەرۆكی ئەنجوومەنی كاروباری خانمانە لە هەرێمی كوردستان.
"پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا ئەوەی كە بەرامبەر بە ژنان و منداڵانی ئێمە كراوە لەبیر نەكەن" زەنگەنە داوا دەكات كە جیهان لە بەرامبەر رفاندنی منداڵان و ژنان لەلایەن چەكدارە جیهادییەكانەوە بە دەنگ بێن.
ژمارەی تەواوی قوربانیانی ئەم تاوانە نەزانراوە. بەڵام سەدان ژن و منداڵ تاوەكو ئێستا وەكو دیل زیندانی كراون. ژنان بەزۆر مارە دەبڕێن و دەبنە قوربانیی لاقەكردن. منداڵان لە هەتیوخانەكاندا كۆدەكرێنەوە، یان دەدرێن بە خێزانە موسڵمانەكان بۆ ئەوەی بەخێویان بكەن. شایەتحاڵەكان دەڵێن تەنانەت منداڵی كچی تەمەن 13 ساڵیشیان بینیوە كە دەستدرێژیی كراوەتەسەر.
"ئەمانە تاوانی دژی مرۆڤایەتین" زەنگەنە دەڵێت "دژی هەموو شتێكی دیكەشن، تەنانەت دژی ئاینیشن".
هەندێك لە ژنە دەستگیركراوەكان باسیان لەوە كردووە كە لە هۆڵی گەورەدا و لە شوێنی وەكو موسڵ راگیراون و رۆژانە دەستدرێژییان كراوەتە سەر.
كچێكی تەمەن 17 ساڵ كە رۆژنامەی لا ریپۆبلیكای ئیتالی چاوپێكەوتنی لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ كردووە، گوتوویەتی كە چەكدارەكان رێگەیان پێداوە تەلەفۆن بەكاربهێنێت تا جیهان لەوە ئاگادار بكاتەوە كە چییان بەرامبەر دەكرێت.
"بۆ ئەوەی زیاتر ئازارمان بدەن، پێیانگوتین بە وردی ئەو رووداوانەی كە بەسەر ئێمەدا دێن بۆ دایك و باوكمان باس بكەین". ئەو كچە گەنجە وای بە رۆژنامەكە گوتووە "ئەوان بە ئێمە پێدەكەنن، وا دەزانن هەتا هەتایە دەمێنن".
بەشێوەیەكی روو لە زیاد، كچان و ژنانی ئێزدی بەم دواییە توانیویانە لە زیندان و كۆیلایەتی دەستی داعش خۆیان قوتار بكەن. هەندێك لەوانە لە كاتی هەڵهاتنی چەكدارەكانی داعش لە ترسی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا، خۆیان رزگار كردووە.
كارمەندانی رێكخراوە خێرخوازییەكانی ناوچەی دهۆك دەڵێن ئەوان 29 ژن دەناسن كە بەم دواییە بە خێزانەكانیان شاد بوونەتەوە. بەڵام پێیانوایە چەندین ژنی دیكەی لەو جۆرە هەن و خۆیان ئاشكرا نەكردووە.
بە وتەی ئەوانەی كە هەڵهاتوون، هەندێكجار چەكدارەكانی داعش پەشیمانییان دەربڕیوە و رێگەیان بۆ ئافرەتە زیندانیكراوەكان خۆشكردووە تاوەكو هەڵبێن.
كچێكی 16 ساڵی هەڵهاتوو بە (رووداو)ی راگەیاند كە لە كاتێكدا چەكدارەكانی داعش لەو خانووەی ئەویان تێدا زیندانی كردبوو دووركەوتوونەتەوە، خەڵكانی سڤیلی ناوچەكە هاتوون و دەرگای ماڵەكەیان شكاندووە.
ئەو كچە ئێزدییە گوتی كە لە مانگی رابردوودا لە گوندێكی ناوچەی شنگالەوە بۆ چەندین شوێنی دیكە گوازراوەتەوە و دواتر لە موسڵ رایانگرتووە. لە موسڵ فشاری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی ببێتە ئیسلام و خواردنیان پێنەداوە. چەند ژنێك، كە لەگەڵ كچە ئێزدییەكەدا بوون بە چەكدارەكانیان گوتووە باشە دەبینە موسڵمان. دواتر چەكدارەكان وانەی قورئانیان بە ژنەكان گوتووەتەوە.
پاشان كەسانی نەناسراو هاتوون و كچەكانیان بردووە. یەكەمجار كچە جوانەكانیان بردووە. ئەوانی دیكەیان دراون بە سەركردەكانی داعش "گوێمان لێبوو بە ئەمیرەكانیان دەگوت ئەمە دیاری ئێمەیە بۆ تۆ" ئەو كچە لاوە وای گوت. ئەو كچە لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆیدا بەم دواییە توانییان بە خێزانەكانیان شاد ببنەوە.
پەخشان زەنگەنە پێی سەیربوو كە دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی تاوەكو ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە لەو تاوانانەی كە وەك ئەو گوتی "لە ژێر ئاڵای لا الە الا اللە دەكرێن".
پەخشان داوا لەو وڵاتانەی كە پێشتر پشتگیری داعشیان كردووە و هەموو ئەو لایەنانەی كە كاریگەرییان لەسەر داعش هەیە، دەكات كە هەرچیەكیان لە دەست دێت بیكەن بۆ ئازادكردنی ئەو ژن و منداڵە زیندانیكراوانە.
دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار لەسەر كەیسی ئەو رفێندراوانە دەكەن، بەڵام ئەو هەواڵانەی كە ئاماژە بەوە دەكەن گوایە ژنە رفێندراوەكان دەكڕنەوە، دوورن لە راستی.
پەخشان داوا لەو كەسانە دەكات كە ئەو ژنانەیان زیندانی كردووە رێگەیان بدەن بگەڕێنەوە نێو كەسوكاریان و بزانن كە ئەم ژنانە كۆیلە نین، مرۆڤن. ئەوان دایك و خوشك و كچی خەڵكی دیكەن.
چیرۆكی ئەوە هەیە كە هەندێك لەو ژنانە لەلایەن عەرەبەكانەوە كڕدراون و دواتر بە نهێنی رەوانەی لای خێزانەكانی خۆیان كراونەتەوە.
زەنگەنە داوادەكات رێز لەو ژنانە بگیردرێت كە لە دەستی داعش هەڵهاتوون و بەچاوێكی دیكە سەیر نەكرێن، لەبەرئەوەی دەستدرێژییان كراوەتە سەر."داوا لە گەورەكانی ئێزدی و توركمان و مەسیحی و شەبەك دەكەم كە ئەوە بۆ خەڵكانی خۆیان روون بكەنەوە ئەم ژنانە دەبێت وەكو قوربانی سەیر بكرێن، نەك وەكو ئەوەی كە تاوانێكیان كردبێت".