ئاسایشی سلێمانی: باندێکی سواڵکردنمان دەستگیرکرد کە دزییان لە ماڵان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند، کە بەناوی سواڵکردنەوە چەند ماڵێکیان بڕیوە.
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسی لە رۆژی 19-09-2020 راگەیاند. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "تۆمەتبارەکان پیاوێک و سێ ژنن بە ناوی سواڵکردنەوە لە دەرگەی ماڵانیان داوەو کە زانیویانە ماڵەکە لەماڵ نین چوونەتە ژوورەوە و کەلوپەلی گرانبەهای ماڵەکەیان دزیوە."
لەکاتی دەستگیرکردنیاندا یەک کڵاشینکۆڤ، یەک دەمانچە، 22 هەزار و 700 دۆلاری ئەمریکی، 720 هەزار دیناری عێراقی، دوو هەزار و 360 یۆرۆ، 10 ملیۆن تمەنی ئێرانی و بڕێک زێڕیان پێگیراوە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.