بارەگای بارزانی: هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران تاوانکارییە و داوا دەکەین دەستبەجێ رابگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی هێرشی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە "تاوانکاری" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، "داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردوومانانە رابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیدیکە نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ".
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو پەلامار و بۆردوومانانە دەكەین، چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لەڕاستیدا تاوانكارییە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئەو پەلامار و بۆردوومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە. هەروەها ماوەی چەند رۆژێکیشە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هێرشە مووشەکی و درۆنانەی ئێران 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32ی کەسیش بریندار بوون.
لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیدیکە پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم نایەت".