عومەر گوڵپی: کۆمەڵێک بەڵگەمان لەبارەی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی پێشکێشی دادگە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی لە دادگەی ئەو شارە سکاڵا تۆمار دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، بەڵگەی "تەواو" و "راستەقینە"یان پێشکێش بە دادگە کردووە؛ پێشیوایە ئەوەی لە سلێمانی روودەدات "ناحەقییە، ستەمە، نادادپەروەرییە."
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022، عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات.
سەبارەت بەو سکاڵایەی لەبارەی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی لە دادگەی سلێمانی تۆماری کردووە، عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوە دا کە رۆژی سێشەممە 27-09-2022، وەک سکاڵاکار لەبەردەم دادوەری دەستپاکی وتەی لێ وەرگیراوە و بەڵگەی "تەواو و راست و دروست"ی پێشكێشی دادگە کردووە.
بە گوتەی عومەر گوڵپی: "لە داهاتووشدا هەندێک بەڵگەی دیکە پێشکێش دەکەین کە بەڕاستی دەریدەخات ئەمەی لە سلێمانی روودەدات ناحەقییە، زوڵمە، ستەمە، نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین. نابێت خەڵکی ئەو دەڤەرە باجی ململانێ سیاسییەکان بدات."
عومەر گوڵپی ئاماژە بەوە دەدات، حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەت "بە تایبەتی هەردوو حیزبی دەسەڵات رێککەوتوون لەسەر هاوکێشەیەک کە پێی دەگوترێت رێژی 43٪ و 57٪ کە ئەمە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی حیزبەکانی دەسەڵاتە، کە داهات و خەرجیان لەسەر خۆیان دابەشکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە لە سلێمانی."
عومەر گوڵپی پێیوایە، "خراپی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن، گەندەڵی، خراپیی سیستم لە زاخۆوە بۆ کفری کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتەکان هەیە. بەڵام پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئەگەر سلێمانی بەشی ئەو خەرجیانەی لەسەری پێویستکراوە پارەی نییە.. بۆ ئەو رێککەوتنەی کردووە؟"
لەلایەکی دیکەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات کە ئێستا دۆخی داهات لە هەرێمی کوردستان "باشە" و دەڵێت: "ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان یەک ترلیۆن و 213 ملیار دینارە، 900 ملیاری بۆ خەرجی مووچە بێت، 300 ملیار بۆ خەرجییەکانی دیکەیە. بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمە لە حکومەتەوە، بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان و فەرمانگەکان تەنیا 100 ملیاری پێویستە. واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان 200 ملیاری لەبەردەستدایە بۆ خەرجکردنی لە پرۆژەکان."