مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئامادەکاریی تەواومان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەچوو. مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێت، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەڵبژاردنی مانگی 11ی عێراق کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە "ژیان، گوزەران و ئارامیی هاووڵاتییان کاری لەپێشینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە هەنووکەییەکان لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پرسە سەرەکییەکانی كۆبوونەوەكە بوون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە کۆتاییدا بافڵ تاڵەبانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی "یەکێتی رژدە لەسەر بە سەنتەرگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی حوكمڕانییەكی رەشید، لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا".
لە لایەکی دیکە، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین کاتی کۆبوونەوەکە بۆ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پیرمام تەرخانکرابوو، "سەرۆکی یەکێتی بە وردی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی خستەڕوو، کە تایبەت بوون بە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
سەبارەت بە پێکهێنان یان دواخستنی کابینەی دەیەم بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەمە کەوتووەتە سەر گفتوگۆکانی داهاتووی پارتی و یەکێتی.