کۆمپانیاى نەوتى باکوور: زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور دەڵێ، بڕى ئەو نەوتەى هەرێمى کوردستان لە دوێنێوە گەیشتووەتە بەندەرى جەیهانى تورکیا 200 هەزار بەرمیلى تێپەڕاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکووک هەناردەبکرێ، ئەگەر پێویست بکات."
 
عامر خەلیل، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە رووداوى راگەیاند، هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان هیچ گرفتێکى تەکنیکى و پەیوەندیدار بە هەناردەکردنەوەی بۆ دروست نەبووە.
 
27ـی ئەیلوولى 2025 نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەکرایەوە، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـوە راگیرابوو.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئەیلوول، عامر خەلیل لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو کە زانا کایانی پێشكێشی دەکات گوتی: "ئەو نەوتەى هەناردەکراوە بەگوێرەى ئەوبڕە بووە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان لەسەرى رێککەوتبوون. ژمارەکان لە هەناردەکرنى نەوت دەگۆڕێن و پشت بە بڕی مانگانە دەبەستین".
 
بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێ.
  
بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور گوتى، "ئەو نەوتەى لە هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێ، پێویستى بە کاتە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى تەواو بگاتە بەندەری جەیهان، بەڵام لە دوێنێوە نەوت گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان و بڕەکەى زیاتر لە 200 هەزار بەرمیلە و ئەوەى دیکە لە بۆرییەکەدایە و هەناردەکردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەى بچێتە نێو کۆگاکانى نەوت لە بەندەرەکە".
 
بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، نەوتى کێڵگەکانى کەرکووکیش لە هەمان بۆرییەوە هەناردە دەکرا کە بڕەکەى رۆژانە لەنێوان 70 بۆ 90 هەزار بەرمیل بوو.
 
عامر خەلیل رایگەیاند، ئێستا تەنیا نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێ و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکووک هەناردەبکرێ، ئەگەر پێویست بکات و ئەوەش بەندە بە سیاسەتەکانى وەزارەتى نەوتەوە. 
 
بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور گوتى، "کۆمپانیاکەمان حەوت گرێبەستى واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت لە کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا و وادەکات بەرهەمیان زیاد بێت و ئەوکات پێویستمان بە هەناردەکردنى دەبێ".