مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ تاوتوێی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبێتەوە؛ بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوتوێی ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە رۆژێک دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دێت لە رۆژی یەکشەممە، 28-9-2025.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی گفتوگۆ لەبارەی کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات.
 
جگە لەو بابەتانە، ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
 
لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی
 
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین کاتی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بۆ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پیرمام تەرخانکرابوو، "سەرۆکی یەکێتی بەوردیی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی خستەڕوو، کە تایبەت بوون بە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی گوتووە: "کۆبوونەوەکەم لە پیرمام زۆر باش بوو".
 
سەبارەت بە پێکهێنان یان دواخستنی کابینەی دەیەم بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمە کەوتووەتە سەر گفتوگۆکانی داهاتووی پارتی و یەکێتی.