ژنێک لە مەریوان بەهۆی رەتکردنەوەی هاوژینیی زۆرەملێوە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی 40 ساڵانی دانیشتووی شاری مەریوان بەهۆی رەتکردنەوەی داواکاریی هاوژینیی پیاوێکی دراوسێیی، کوژرا. بکوژ ئەندامی سوپای پاسدارانە و داوایکردبوو، ئەو ژنە لە هاوژینەکەی جیابێتەوە و ژیانی هاوبەش لەگەڵ ئەو پێک بهێنێت.
ئەو ژنە بەناوی لەیلا عەلیڕەمایی، خەڵکی گوندی بێساران و دانیشتووی گەڕەکی جووجەسازیی مەریوان، خێزاندار و دایکی کوڕێک و کچێکە و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی ژیاوە. لە کاتی رووداوەکەدا هاوژینەکەی لە ماڵەوە نەبووە و منداڵەکانیشی لە قوتابخانە بوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، بکوژ بە ناوی کەیوان باسامی رۆژی یەکشەممە 26-10-2025 چووەتە بەردەم ماڵی ئەو ژنە و داوای لێکردووە لە هاوژینەکەی جیابێتەوە و شوو بەو بکات، بەڵام لەیلا عەلیڕەمایی رەتیکردووەتەوە. دوای رەتکردنەوەی داواکارییەکەی، کەیوان باسامی بە کڵاشینکۆف تەقەی لە لەیلا عەلیڕەمایی کردووە و کوشتوویەتی.
بەپێی راپۆرتەکە، کەیوان باسامی ئەندامی فەرمیی سوپای پاسدارانە و بە چەکی سوپا تەقەی لەو ژنە کردووە. بکوژ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی مەریوانەوە دەستبەسەر کراوە.
تەرمی لەیلا عەلیڕەمایی رۆژی دووشەممە لە گۆڕستانی دارسێرانی مەریوان بەخاک سپێردرا.