"ئەگەر یەكگرتوو ئۆپۆزیسیۆن نەبوایە دوو ئەوندەی دیكە دەنگی كەم دەكرد"
رووداو- هەولێر
هادی عەلی رایدەگەیەنێت، دەبوو هەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن بەیەکەوە بەشداری دانوستاندنەکانیان بکردایە، بۆ ئەوەی پێگەی مفاوەزاتیان بەهێرتر ببوایە. ئەوەش ئاشکرا دەکات، پارتی لەساڵی 2004 پێشنیازی رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکگرتووی کردووە و سەڵاحەدین بەهائەدین و ئەندامانی باڵای یەکگرتووش رەغبەتیان هەبووە.
د. هادی عەلی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری بەرنامەی (کەوانەی سوور)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و رایگەیاند "یەکگرتوو لە ساڵی 2010 ەوە تاوەکو ئێستا لە هەندێک رووەوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ یەکگرتوو شتێکی باش بووە، بەبۆچوونی من دەبوو لە کابینەی پێنجەمیشدا لە ساڵی 2005 ئۆپۆزیسیۆن بووایە و بەشداری حکومەتی نەکردبایە".
هادی عەلی دەڵێت "یەکگرتوو لەدوای بوونی بە ئۆپۆزیسیۆن باجی ئەم ئۆپۆزیسیۆن بوونەی خۆی دا، بەڵام لەرووی ئیعلامی و سیاسییەوە یەکگرتووی لە سەر ئاستی عێراق و دەرەوە بردە سەرەوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئاستی نێوخۆیی تووشی شکست بوو، هەمووشمان ئەم شکستەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بینی، ئەگەر یەكگرتوو ئۆپۆزیسیۆن نەبوایە دوو ئەوندەی دیكە دەنگی كەم دەكرد".
ئەو پێیوایە یەکگرتوو لە ئۆپۆزیسیۆن بوون دواکەوتووە، دەبوو لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئۆپۆزیسیۆن بوونی هەڵبژاردبووایە، ئەوکات و ئێستاش بۆچوونی زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شوورا لەسەر ئەوەیە کە ئەم بەشداریکردنەی یەکگرتوو لە حکومەت هەڵەبوو. ئاشکراشی دەكات "لە کۆتایی ساڵی 2004 بەر لەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی لە نێوان پاتی و یەکێتیدا ببەسترێ، پارتی داوای لە ئێمە کرد بەیەکەوە داببەزین و رێککەوتننامەی ستراتیژیمان هەبێت، نزیکەی دوو مانگیش دانیشتن و کۆبوونەوە هەبوو لەمبارەیەوە".
هادی عەلی گوتیشی: "ئەوکات مامۆستا سەڵاحەدین و هەندێک لە ئەندامانی سەرەوەش رەغبەتیان لەسەر هەبوو، چووینە پێشەوە و دانوستاندنیشمان كرد، بەڵام لەبەر ئەوە نەکرا، چونکە لەلایەک دابەشبوونی کوردستان بەسەر سەوز و زەرد و بوونی بنکەی فراوانی یەکگرتوو لە ناوچەی سەوز وایکرد بیر لەوە بکەینەوە نەکا شتێکی ناخۆش رووبدات، لەلایەکی دیکەش بیرکردنەوەیەک لەنێو یەکگرتوودا هەبوو کە بکرێ یەکێتیش بێتە ناوەوە و هەرسێ لایەن بەیەکەوە رێککەوتننامەی ستراتیژیان هەبێت".
ئەوەیشی خستەڕوو "دواتر بۆمان دەرکەوت برادەرانی پارتی بۆیە دەیانەوێ لەگەڵ ئێمە رێککەوتننامەی ستراتیژی ببەستن، بۆ ئەوەی مەجبوور نەبن لەگەڵ یەکێتی بیبەستن، بەڵام ئەو کاتەی یەکێتی ئامادەیی هەبوو، پارتی یەکگرتووی بۆچییە".
ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو دەڵێت"دابەزینی یەکگرتوو لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی زەرەر بوو، چونکە بۆمان دەرکەوت جەماوەری یەکگرتوو و جەماوەری گشتیش چاوەڕێی ئەوە بوو یەکگرتوو لیستێکی تایبەت بەخۆی هەبێت و رۆڵیکی جیاواز ببینێت، بەڵام نەیتوانی ئەو رۆڵە ببینێ".
سەبارەت بە دوور و نزیکی یەکگرتووش لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە گوتی "نزیکی یەکگرتوو لە بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندی بە هاوزەمان ئۆپۆزیسیۆن بوونی یەکگرتوو و گۆڕانەوە هەیە، لە لایەکی دیکە یەکگرتوو داوای چاکسازی سیاسی دەکات، ئەوانیش بەهەمان شێوە، بەهەمانشێوە کۆمەڵیش، هەرسێکیشیان بەیەکەوە لەسەر پرسی چاکسازی سیاسیی کۆبوونەتەوە".
هادی عەلی جەخت دەكاتەوە، یەکێتی و پارتی لەدەرەوەی دەسەڵات نازانن حیزبایەتی بکەن، چونکە خۆیان کە لەشاخ هاتوونەتە خوارەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، رەنگە ئەگەر یەکی 10 کورسیش بهێنن واز لە دەسەڵات نەهێنن.
هادی عەلی، کە لە کابینەی سێ و چواری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری داد بووە، لەبارەی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان گوتی "ئەوکات ئەگەر ئێمە توانیبێتمان شتێک بکەین پشتگیری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵدا بووە، حەزی دەکرد دەسەڵاتی دادوەری جیاوازی هەبێت و بەجۆرێک سەربەخۆ بێت، بەڵام زۆرجار رێگریان لەویش دەکرد و حیزب تەداخولی دەکرد".
لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "من پێمباش بوو هەماهەنگی نێوا هەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن زیاتربووایە، لەگەڵ ئەوەبووم هەرسێکیان بەیەکەوە بەشداری دانوستاندنەکانیان بکردایە".
هادی عەلی هێما بۆ ئەوەش دەكات، حکومەتی بنکە فراوان حکومەتێکی مەرغوب نییە، حکومەتێکە زیاتر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نێوخۆیی وڵاتێکە، قۆناخی گواستنەوەی دیموکراسییە، دەبوو لەم هەڵبژاردنە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بهاتبایەتە دی.