نوێنەری پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: سەرەتای ساڵی نوێ لیوای 20 لە ناوچەکان جێگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، دوای سەرەتای ساڵی داهاتوو هێزەکانی لیوای 20ـی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا جێگیر دەکرێن، دەشڵێت: " بڕیارە دوای دەستبەکاربوونیان مووچەکانیان بۆ خەرجبکرێت."
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو ئەو هێزانە پەیوەندیی بە بنکەکانەوە مەشق و راهێنانەوە لەو سێ پارێزگایەی دیاریکراوە بکەن، پاشان سێ مانگ مەشق و راهێنانیان پێدەکەن کە بەشێکی لەسەر چەک و تەقەمەنی دەبێت و بەشێکیشی راهێنانی دیکە وەکو دەروونی و کاروباری سەربازی و رێکارەکان دەبێت، پاشان بەپێی پێویستی لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی بڵاودەکرێنەوە."
سەبارەت بە کاتی خەرجکردنی مووچەکانیان، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە گوتی: "جگە لە مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، مووچەی دیکەیان بۆ خەرجدەکرێت، چونکە کێشەی داراییان نەماوە." گوتیشی: "جگە لە مووچەی مانگی داهاتوو، هەوڵدەدەرێت ئەو مووچانەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵیشیان بەپێی رێکار و سیستم بۆ تەرخانبکرێت."
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرباز و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق کرد، لە رۆژی شەممەوە (2-12-2023) پەیوەندیی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە پارێزگاکانی، کەرکووک، دیالە، نەینەوا بکەن بۆ ئەوەی دەستبەکارببن و دواتر دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردن و دواتر بڵاوکردنەوەیان بکرێت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە 28-11-2023، لەوبارەیەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " کاروباری دارایی ئەو لیوایە تەواو بووە، بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو بڵاوەیان پێبکرێت، بڵاوکردنەوەی ئەو هێزە زۆر گرنگ دەبێت، چونکە دەبێتە هۆکارێک بۆ رێگریی لەو هەڕەشانەی جاروبار چەکدارانی داعش دەیکەن و هێرشەکانیان کەمدەکاتەوە."
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە، کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانە و خەڵکی ئەو ناوچانە.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لەنەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب بێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە دەبێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.