بەغدا بۆ شاندی هەرێمی کوردستان: لەبەر نەبوونی پارە ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواخراوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدان بە ئومێدی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و بودجە، باس لە دواکەوتنی ناردنی دوایین 700 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بە بیانووی نەبوونی نەختینە.
لەگەڵ ئەم هات و نەهاتەی 700 ملیارەکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە بەغدا بۆ سێ مانگی دیکە بەردەوام بێت لە ناردنی مانگانەی 700 ملیار دینار، بەڵام لەسەر ئەمەش هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
کاروان یار وەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و زەمینەیەک هەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، ئایا بە چی دەرچەیەک دێنە دەرەوە، ئایا یاسای بودجە جێبەجی دەکرێت، ئایا حکومەتی فیدراڵیی خۆی راستەوخۆ لەرێی ئەژماری بانکییەوە مووچە دەدات بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یاخود نەخێر ئەگەر بەو بڕوایەی کە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە".
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیشیان ئێستا لەدەستە، رەزامەندییان نیشانداوە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەبێ ئەوەی کاتی بۆ دیاری بکەن.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە خەرجی راستەقینە لە بودجەدا 12.67% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام دەبێت بەشی فەرمانبەران لەمە جیابکرێتەوە، واتە لە خەرجییەکانی دیکە، بەو پێیەی ئێستا کێشە هەیە لە خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی گشتی ئەو بڕە پارانەی کە دیاریی دەکرێن لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەبێت پشکی تەواوەتی بێت، هەروەها وادانراوە خەرجکردنی ئەمە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] بێت، بەڵام دەبێت گرەنتی ئەوە بکرێت مووچە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگاتە دەست مووچەخۆران".
ئەگەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە سەر بگرێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە جیادەکرێتەوە و مانگانە حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت کە ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستانیش نەدات، دەبێت مووچەی فەرمانبەران خەرجبکات.