سەرۆک بارزانی بانگهێشتی سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری لە باکووری کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری بانگهێشت کراوە، لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری دەستپێدەکات. سیمپۆزیۆمەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین میوان لە نێوخۆ و دەرەوە بانگهێشتکراون.
پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولڕەحیم ئاڵکش، سەرۆکی زانکۆی شرنەخ، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو میوانانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشت کراوە و گوتی: "ئێمە لە رێگەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی بارەگای بارزانییەوە، سەرۆک بارزانیمان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشت کردووە و بە ئەگەری 90٪ دێتە جزیرێ و بەشداریی سیمپۆزیۆمەکە دەکات."
عەبدولڕەحیم ئاڵکش، ئاماژەی بەوەدا، چەندین مامۆستا و ئەکادیمیستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشتکراون و لە سیمپۆزیۆمەکەدا گوتارەکانیان پێشکێش دەکەن.
سەرۆکی زانکۆی شرنەخ باسی لەوەش کرد، میوانێکی دیکەی سیمپۆزیۆمەکە مونیر کارائۆغڵو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیایە و گوتی، لە ئەکادیمیستەکانەوە تاوەکو رۆشنبیران، لە هونەرمەندانەوە تاوەکو بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان، پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانان، چەندین کەسایەتی لە سیمپۆزیۆمەکەدا ئامادە دەبن.
بەرنامەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل دەدەمانی جزیرێ ساز دەکرێت و بەشداربووان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە سیمپۆزیۆمەکەدا بە پانێل، گفتوگۆ و گوتارەکانیان باسی کەسایەتی و شاعیری ناوداری کورد، مەلای جزیری دەکەن کە لە مێژووی کورددا خاوەن پێگەیەکی گرنگە.
مەلای جزیری، شای شاعیرانی کلاسیکی کورد
1570 - 1640
ناسنامە
ناوی تەواو: شێخ ئەحمەدی کوڕی مەلا محەممەد
ناسناو: مەلای جزیری، لە شیعرەکانیدا ناسناوی "نیشانی"یشی بەکارهێناوە
شوێنی لەدایکبوون: جزیرەی بۆتان، باکووری کوردستان
لەدایکبوون: دەوروبەری ساڵی 1570ی زایینی
کۆچی دوایی: دەوروبەری ساڵی 1640ی زایینی
پێگە و گرنگی
• دامەزرێنەر و پێشەنگی شیعری کلاسیکی کوردی، بە شێوەزاری کورمانجی.
• لە لووتکەی ئەدەبیاتی سۆفیگەری و عیرفانی کوردیدایە.
• کاریگەریی گەورەی لەسەر شاعیرانی دوای خۆی وەک ئەحمەدی خانی هەبووە.
خوێندن و ژیان
• لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی بە خوێندن کردووە.
• بۆ خوێندنی زانستە ئایینی و ئەدەبییەکان گەشتی زۆری کردووە؛ چووەتە هەکاری، ئامەد، سێرت و حەسکیف.
• دواجار گەڕاوەتەوە بۆ جزیرەی بۆتان و لە "مەدرەسا سوور" وانەی گوتووەتەوە.
دیوانی جزیری
• خاوەنی دیوانێکی شیعریی دەوڵەمەندە.
• شیعرەکانی تێکەڵەیەکی ناوازەن لە "عیشقی ئیلاهی" و "عیشقی مرۆیی".
• خۆشەویستەکەی ناوی "سەلما" بووە کە لە شیعرەکانیدا وەک سیمبوولی جوانی و عیشق دەردەکەوێ.
• شانازیی زۆری بە کوردبوونی خۆیەوە کردووە.
چەند دێڕێکی بەناوبانگی:
گولێ باغێ ئیرەمێ بۆتانم
شەبچراغێ شەبێ کوردستانم
چ تەبیعەت بەشەر و ئینسانم
لله الحمد چ عالی شانم
د رییا یارێ ل رێزا سانم
لەو د ئیقلیمێ سوخەن خاقانم