گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 2023


رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵی 2023 کەم رۆژ هەبووە، خانەنشینان لەسەر شەقام دژی خراپیی دۆخی ئابوورییان ناڕەزاییان دەرنەبڕیبێت. خانەنشینان و فەرمانبەرانی حکومی و کرێکاران دەڵێن، مووچەکانیان بەشی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان ناکات.
 
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2023 دۆخی ئابووریی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خراپتر بووە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی ساڵانە 44.4٪ بووە، بەڵام بەپێی راپۆرتە مەیدانییەکان، نرخی زۆربەی شتومەک و خواردەمەنییەکان بەراورد بە پار، 100٪ بەرزبووەتەوە. 
 
لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤیشەوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، 101 کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. پێنجیان بە هۆکاری سیاسی ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە. لەو ماوەیەدا گیانلەدەستدان و برینداربوونی 236 کۆڵبەر تۆمار کراوە. 34یان گیانیان لەدەستداوە. هەر لەو ماوەیەدا، دەستبەسەرکردنی هەزار و 19 هاونیشتمانی بە هۆکاری سیاسی تۆمار کراوە.
 
لە رووی سیاسیشەوە، ئێران و عێراق لە ئاداری 2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان بە ناوی ئاسایشی سنوور واژۆکرد بە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکان. حکومەتی عێراق لە مانگی 10 جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی راگەیاند.
 
لەم دۆخەدا، دوای نزیکەی حەوت مانگ لە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و زەحمەتکێشان، ریزەکانی ئەو حیزبە لە 20-06-2023 تووشی لێکترازان بوو و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندرایەوە. رۆژێک دوای ئەو لێکترازانە تەقە لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کرا و دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانیان لەدەستدا. تاوەکو ئێستا دامودەزگا حکومییەکان، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گیانلەدەستدانیان و شوناسی تەقەکەرەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
 
دەستکەوتێکی گرنگی مافی مرۆڤی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەمساڵدا، بەخشینی خەڵاتی 2023ی ساخارۆڤ بوو بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. خەڵاتەکە لە 12ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ پێشکێش بە پارێزەری دۆسییەی ژینا ئەمینی کرا.
 
لە بواری زانستیشدا، مانگی 9ی ئەمساڵ، کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا رایگەیاند، مەدالیای رەزەرفۆردی ساڵی 2023 دەبەخشێت بە پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، فیزیازانی خەڵکی سەقز بە هۆی لێکۆڵینەوە دیار و بەرچاوەکانی لە بواری فیزیا.