یەکێتیی زانایان بۆ موفتی عێراق: سووکایەتیکردن بە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، سووکایەتییە بە زانایانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی مەهدی سومەیدەعی، ناسراو بە موفتی عێراق بڵاوبووەوە و تێیدا مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، زانای ئایینی بەنێوبانگی کورد بە "پیاوی حکومەتی بەعس" تۆمەتبار دەکات، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی قسەکانی کرد.
 
دەقی راگەیێندراوی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان
 
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
 
(أَلَا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) سورە یونس: 62.
 
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا راشکاوانە (مەهدی سومەیدەعی) هێرشدەکاتە سەر یەکێک لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عێراق و جیهانی ئیسلامی، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، خوا دەرەجاتی عالی بکات، و سوکایەتی بە پێگە و پیشە و کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات.
 
ئێمە لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سوکایەتییە دەکەین، کە نەک تەنیا سوکایەتییە بە کەسایەتی پایەبڵندی مەرحومی مامۆستای مودەڕیس، بەڵکو سوکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کورد و عێراق و ناوچەکەیە. 
 
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کەسایەتییەکی بلیمەت و ناوازە و هەڵکەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە و، بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامە و پێشەوا و موجتەهید و هەڵکەوتووی نێو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وای کردووە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ هەتا هەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتوا و کۆششە زانستیەکانی ئەم کەڵە زانایە گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن.  
 
ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات و، پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەکاربێنێت کە، هەموو زانایانی عێراق خوازیاری بوون، نەک ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سوکایەتی بەرامبەر فەخری عێراق و کوردستان شێخ عەبدولکەریمی بیارە بەکاربهێنێت.
 
بۆیە بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زوویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر و، رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سوکایەتی بەرامبەر رەمزو سیمبولە ئایینیەکان بکات.
 
مەکتەبی تەنفیزی
یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان
28ی12ی2023ز
15ی6ی1445هـ
هەولێر - کوردستان