شێخ خاڵس بەرزنجی، یەکەم بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر دوای راپەڕین کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو شێخ خاڵس بەرزنجی، کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر و یەکەمین بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر لە دوای راپەڕین، لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە تەرمەکەی لە رێوڕەسمێکدا لە زێدی خۆی لە گوندی هەرەجە بە خاک بسپێردرێت.
شێخ خاڵس شێخ جەواد شێخ مارف بەرزنجی کاژێر 07:00ـی ئێوارەی دوێنێ هەینی 28-01-2022، دوای تێکچوونی رەوشی تەندروستی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 29-01-2022، تەرمی شێخ خاڵس بەرزنجی، کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر و برا گەورەی شێخانی گوندی هەرەجە و کۆیە، لە رێوڕەسمێکی شایستە بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی لە زێدی خۆی بە خاک بسپێردرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی شێخ خاڵس شێخ مارف بەرزنجی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و یەکەمین بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر لە دوای راپەڕین برایە تەکیەی بەرزنجە لە شاری هەولێر. بەشێکی زۆر لە کەسوکارەکەی و خزم و دۆستان و هاوڕێکانی بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ناشتنەکەی ئامادەی پرسەکەی بوون.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی، لوقمان بەرزنجی، ئامۆزای شێخ خاڵس قسەی بۆ فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، "هۆکارەکە تەنیا تەمەن بوو، ئەگەرنا تاوەکو دوایین ساتەکانی تەمەنی پیاوێکی لەسەرەخۆ و بە هیمەت و بەهێز بووە، هیچ کات سڵی لە نەخۆشی نەکردووەتەوە."