نەوەی نوێ 10 مەرج بۆ دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆمار دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پرۆژەیەکی ئامادە کردووە کە 10 مەرج لەخۆی دەگرێت و سەرۆکی جوڵانەوەکەش دەڵێت، ئامادەن بەربژێرەکەی خۆیان بکشێننەوە و دەنگ بە هەر لایەنێک بدەن کە پرۆژەکەیان جێبەجێدەکات.
ئەمڕۆ شەممە 29-01-2022، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پرۆژەی جوڵانەوەکەی بۆ دەنگدان بە بەربژێری سەرۆککۆمار راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، "ئامادەین بەربژێرەکەی خۆمان بکشێنینەوە و دەنگ بدەینە بەربژێرێکی دیکە"، ئەگەر هەر لایەنێک پرۆژەکەیان جێبەجێ بکات.
مەرجەکانی نەوەی نوێ بۆ دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار:
1. دەستبەجێ هەرزانکردن و ئاساییکردنەوەی نرخی غاز، بەنزین، نەوت و پێداویستییەکانی دیکەی هاووڵاتییان. پێویستە ئەم هەنگاوە پێش دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت.
2. دەستبەجێ لابردنی باج و هەموو جۆرە رسوماتێکی حکومی یان هی کۆمپانیاکان لەسەر هاووڵاتیان و دووکاندار و کاسبکارەکان.
3. دەستبەجێ کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دانانی کات و وادە کە مانگانە بڕێک مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران بگەڕێتەوە سەر ئەو ژمارە بانکیە.
4. دەستبەجێ دەستبکرێت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
5. بەڵێندان بە جێگیرکردنی بابەتی گێڕانەوەی کەرکووک و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە و هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و جێگیرکردن و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران لەناو بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراقدا و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی عێراق.
6. دەستکردن بە دابەشکردنی دەرماڵە بۆ تەواوی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
7. دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و هەروەها فەرمانبەرانی خۆبەخش و کردنیان بە هەمیشەیی و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان.
8. پێدانی مووچەی خانەنشینان لە رێگەی کارتی بانکییەوە 30 رۆژ جارێک لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانیان و دانانی چەندین ئامێری پارە راکێشان لە چەندین شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکان تاوەکو خانەنشینان بە ئارەزووی خۆیان لە هەرکاتێکدا بیانەوێت مووچەکانیان وەربگرن.
9. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی و لە ئەمساڵدا.
10. هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە جۆرێک ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بێلایەن بن و لە کۆمەڵێک دادوەری بێلایەن و سەربەخۆ پێکبێن.