چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە ئێران لەسێدارە دران


رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی چوار زیندانی سیاسیی کوردی بەڕێوەبرد؛ ئەوان پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون و بەیانی ئەمڕۆ لەسێدارە دران. 
 
چوار زیندانییە کوردەکە ناویان، وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵوم، پژمان فەتحی و محەممەد فەرامەرزی بوو. 
 
ماڵپەڕی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو زینداییە سیاسییانەی لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەجدا، پشتڕاست کردووەتەوە.
 
مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەری ئەو چوار کەسە، گوتوویەتی، رەوتی دادگایکردنی ئەوان و سزاکانیان "نادادپەروەرانە بووە، مافەکانیان رەچاو نەکراوە" و رێگە نەدراوە داکۆکییان لێبکات. 
 
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هاوینی ساڵی 2023 رایگەیاند، ئەوان پەیوەندییان بە "مۆساد - رێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل"ـەوە، هەیە و "بە مەبەستی تەقاندنەوەی کارگەیەکی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری ئیسفەهان، لە رێگەی نایاساییەوە هاتوونەتەوە نێو خاکی ئێرانەوە." 
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کەسوکاریان ئەو تۆمەتەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیان رەتکردەوە. 
 
وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵوم، پژمان فەتحی و محەممەد فەرامەرزی رۆژی 23-06-2023 لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران و لەلایەن لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "موحاڕەبە (شەڕ لەگەڵ خودا) و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا. 
 
لە کاتی دەرکردنی سزاکەدا ناڕەزایەتی زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی بەڕێوەچوو. 
 
چوار زیندانییەکە تەنیا رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی حوکمەکانیان و بۆ دوایین جار رێگە بە کەسوکاریان درا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەن. 
 
موحسین مەزڵووم، تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی مەهابادە؛ محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان؛ وەفا ئازەربار، تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکانە و پژمان فەتحی، تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی کامێرانە. 
 
جوانا تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵوم، رۆژی یەکشەممە 28-01-2024 بە رووداوی گوت، پژمان فەتحی لە دوایین چاوپێکەوتندا بە کەسوکاری گوتووە، "ئێمە لەسێدارە دەدەن، بەڵام ئەم مەرگە مەرگێکی سەربەرزانەیە و داوام دەکەم شین نەگێڕن، رەش نەپۆشن و ورەتان بەرز بێت."