سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەرمینیا کۆبوونەوە

 

 

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەرمینیا بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرس لەوانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و یەریڤان، کۆبوونەوە.
 
ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، (29-2-2024) گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی،  ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 

 

 
پەیوەندییەکانی ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان
 
ئەرمینیا کۆنسوڵخانەی لە هەولێر هەیە و لەڕێگەی ئەو دامەزراوە دیپلۆماسییەوە جەخت لە  پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
 
ژمارەیەک ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها کوردیش لە ئەرمینیا هەن.
 
قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوولا بەگوتەی کۆنسوڵی ئەرمینیا لە ساڵێکدا دەگاتە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار.
 
ئەرمینیا، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێک دادەنێ بۆ ناردنی کاڵاکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بازاڕەکان، ماوەی دوو ساڵیشە یەریڤان و هەولێر خەریکی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییەن.
 
لە ئاستی خوێندنیشدا هەردوولا پەیوەندییان هەیە، بەپێی ئاماری فەرمی؛ تاوەکو کۆتایی 2023 نزیکەی 400 خوێندکاری کورد لە زانکۆ تایبەتەکانی ئەرمینیا خوێندوویانە، هاوکات ئەو پەرەپێدانە لە رێگەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەردوولاوە بووە و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەدایە.
 
لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانیشدا ئەرمینیا رۆڵی هەبووە. ئەرمینیا لە ساڵی 2022ـوەوە هاوکاریی ئاوارەی کوردانی ئێزدی دەکات، هەمان ساڵ لێکتێگەیشتن لەوبارەوە واژۆ کرا، تەنانەت بەشێکی هاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی سووریاش لەڕێگەی ئەرمینیاوە بوون.